ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تەرمی گەنجێک لەناو ماڵەکەیدا لە ناوەڕاستی پارێزگای کەرکوک دۆزرایەوە.
سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای كەركوك، ڕایگەیاندووە" دەزگا ئەمنییەکان بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی هاوڵاتییەک، تەرمی گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵانیان لەناو ماڵەکەی خۆیدا لە یەکێک لە ژوورەکانی ئەو ماڵە لە گەڕەکی واست لە ناوەڕاستی کەرکوک دۆزیوەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەرمی گەنجەکە دوو گوللـە بە لاشەیەوە بووە کە یەکێکیان لە سەریدا بووە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت" تا ئێستا تاوانەکە هێشتا نهێنییە، فەرمانیش دەرچووە دەستبەجێ تیمێکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنرێت بۆ ئاشکراکردنی بارودۆخی ڕووداوەکە و گەیشتن بە تاوانبارەکە".
ئەوەشی خستەڕوو، زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاوانەکە تاوانکاری بووە و "تیرۆریستی نەبووە"، لە ئێستاشدا تەرمەکە گواستراوەتەوە بۆ بەشی پزیشکی دادوەری بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان.