ئەمڕۆ یەکشەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان چوار ڕێنمایی نوێی سەبارەت بە کێشەی پیسبوونی کەشوهەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک دەرکرد و دەڵێت" هەر کارگەیەک ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".
پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێم، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ پارێزگارەکان و وەزیری ناوخۆ و ژمارەیەک بەرپرسی حکومەتی هەرێم کۆبووەوە".
ڕوونیشیکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بڕیار دران لەوانە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاو بەشێوەیەکی دروست، هەروەها ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی ئاوی ناپاک بۆ چاندن و ئاودێریکردنی سەوزەوات.
پێشەوا هەورامی جەختیشیکردەوە، ئەو کارگانەی دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە دەبێت مامەڵە لەگەڵ ڕێکارە تەندروستییەکاندا بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە نەرمی لەگەڵ ئەو کەسانەدا ناگیرێتەبەر کە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا ڕێکاری پێویست بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە سەرپێچی لە ڕێنماییە دەرچووەکان دەکەن.
هەورامی ئاماژەی بەوەدا کە ڕێوشوێنی توندتر لە بەرامبەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە ژینگە پیسدەکەن دەگیرێتەبەر، هەروەها ڕێوشوێن بەرامبەر بەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە سووتەمەنی کوالیتی خراپ دەفرۆشن.
وتەبێژەکەی حکومەتی هەرێم هێمایی بۆئەوەشکرد، لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ چاودێریکردنی مۆلیدەکانی ناو گەڕەکە نیشتەجێبوونەکان کە بەکاردەهێنرێن بۆ چاودێریکردنی پابەندبوونیان بە ڕێنماییە ژینگەییەکان.
دەقی بڕیارەکانی ئەمڕۆی حکومەتی هەرێم بەمشێوەیە:
یەکەم: گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی خێرا بەرامبەر هەر پاڵاوگەیەک یان کارگەیەک کە بە سەرپێچی مەرج و ڕێساکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە.
دووەم: قەدەغەیە بۆ هەر پاڵاوگەیەک، تاکێک یان لایەنێک کە سووتەمەنی پیسکراوی ماتۆڕ بەرهەمبهێنێت یان بە قاچاخ بیبات کە زیان بە تەندروستی گشتی دەگەیەنێت. هەروەها کۆتاییهێنان بە سووتانی غازی پەیوەندیدار لە کێڵگە نەوتییەکان.
سێیەم: پابەندکردنی خاوەن مۆلیدەکان بۆ پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی حکومەت و بەکارهێنانی فلتەری دەنگ و کەمکردنەوەی پیسبوونی مۆلیدەکانیان، هاوکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرنەبەر.
چوارەم: ڕێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکار دەهێنرێت.