فیگەن یوکسەکداغ: هەر ئەركێک بکەوێتە سەر شانمان جێبەجێیدەکەین

ئەمڕۆ یەکشەممە شاندی ئیمراڵی دەم پارتی سەردانی سیاسەتمەداری زیندانیکراو فیگەن یوکسەکداغیان کرد و تێیدا فیگەن رایگەیاند" هەر ئەرکێک بکەوێتە سەر شانمان، ئێمە ئامادەین". 

سری سورەیا ئۆندەر پاش ئەوەی لەگەڵ شاندی ئیمرالی دەم پارتی، لە گرتووخانەی کاندرا لە پارێزگای کۆجائەلی لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کۆبوونەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە وتەکانی فیگەن کرد و وتی" هەرچییەک بکەوێتە سەر شانمان ئامادەین بە خۆشحاڵییەوە جێبەجێی بکەین". 

وتیشی" سەبارەت بە پرۆسەکە سبەی فیگەن یوکسەکداغ لە هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی لێدوان دەدات". 

سری سورەیا ڕاشیگەیاند" من پێش پێنج ساڵ ئازاد کرام، دیسان لێرە قسەمان کرد، لە ماوەی ١٠ ساڵدا ئەم وڵاتە زۆر شتی قورسی لەدەستدا، دوو شت هەن کە گەڕانەوەیان نییە، یەکەمیان ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە و دووەمیان کاتە، هەموو شەهید و قوربانییەکانی ئەم وڵاتە ڕێزی ئەم وڵاتەن، گەورەترین دیاری کە دەتوانین پێشکەشیان بکەین، کۆتایی هێنان بە شەڕ و تاجی ئاشتی لەسەرنانە، ئێمە جددی و دڵسۆزین". 

سری سورەیا ئۆندەر ئاماژەی بەوەشدا، منداڵانی ئەم وڵاتە، شایەنی ئەوە نین میراتی شەڕ وەربگرن، بەرپرسیارێتی ئێمە ئەوەیە کە وڵاتێکی ئاشتییخواز ڕادەستیان بکەین. 

سری سورەیا سەبارەت بە پرسیاری پەیوەندیدار بە چاوپێکەوتن لەگەڵ پارتە کوردستانییەکان وتی" بەڵێ بەردەوام دەبێت، دەم پارتی پلانی بۆ دادەنێت". 

لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ وە فیگەن یوکسەکداغ ‌و سەڵاحەدین دەمیرتاش‌ و ده‌ستگیركران‌ و تائێستا له‌ زینداندان. 



PM:05:25:12/01/2025