گرووپی داکۆکیکردن لە ژینگەی شاری هەولێر سەبارەت بە ڕوونکردنەوەیەکی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنن" پێویستبوو چوار دۆسییەی پێشێلکاری دژ بە ژینگە بدرێتە دادگا و پاڵاوگە نایاسایەکانیش هەر ئەمڕۆ داخرابان".
ئەمڕۆ یەکشەممە گرووپی داکۆکیکردن لە ژینگەی شاری هەولێر، لە ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلەدا ڕایانگەیاند" دوێنێ شەممە ٢٠٢٥/١/١١ گرووپەکەمان لە کۆبوونەوەیەکدا کە چەندین کەسایەتی خەمخۆری لە خۆگرتبوو خۆی راگەیاند و یاداشتنامەیەکی چوار خاڵی پەیوەست بە ژینگەی پیسکراو و کارەساتباری شاری هەولێر بڵاوکردەوە".
دەشڵێن" هێشتا ٢٤ کاتژمێر تێنەپەڕیوە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی چوار خاڵی هەر پەیوەست بە ژینگە و پاڵاوگە نایاساییەکان بڵاوکردووتەوە، وای دەبینین بۆ پیشاندانی نیەتپاکی و گەڕاندنەوەی متمانە بە بڕیارەکانی حکومەت، لە بری دەرکردنی ئەو چوار بڕیارە چەند بارەبووانە، پێویستبوو چوار دۆسییەی پێشێلکاری دژ بە ژینگە بدرێتە دادگا و پاڵاوگە نایاسایەکانیش هەر ئەمڕۆ داخرابان، نەک رۆژێک، کاتژمێرێک مانەوەیان کارەساتە بۆ شار".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە" ئێمە لای خۆمان هەر بڕیارێک خزمەت بە خەڵک و پاکڕاگرتنی ژینگە بکات، پشتیوانی لێدەکەین و هەماهەنگ دەبین لەگەڵیاندا، بەڵام گرنگ ئەوەیە بڕیارەکان جێبەجێبکرێن و یاسا و تەندروستی و ژیانی ملیۆنێک خەڵک لەسەرووی دەخالەتی بەرپرسان حزب و بازرگانە چڵێسەکان بێت، ساڵی ٢٠١٥ش وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاری داخستی پاڵاوگە نایاساییەکانیدا، لە ٢٤ی ئاداری ٢٠١٩ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بە نووسراوی ژمارە (٥٤٣٦) بڕیاری داخستنی ئەو پاڵاوگانەی دا، لە ٢٠١٩/٦/١٨ هەر وەزارەتی ناوخۆ (٢٠٠) ملیۆن دیناری بۆ رێوشوێنەکانی لابردنی ئەو پاڵاوگە نافەرمیانە لە شارەکان دەرکرد، ساڵانی پێشتر و پاریش بڕیار درا دابخرێن، کەچی بڕیارەکان جێبەجێ نەکراون".
هەروەها ئەوەش هاتووە" لە کار و فشارەکانی خۆمان بەردەوام دەبین و چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی رۆژی ٢٠٢٥/١/١٢ حکومەت دەکەین، هەموو هەوڵێک دەدەین کۆتایی بەو ژینگە قڕکەرەی شار بهێنددرێت".
ئەم ڕوونکردنەوەیە لە کاتێکدایە،
ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم چوار ڕێنمایی نوێی سەبارەت بە کێشەی پیسبوونی کەشوهەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک دەرکرد و ڕایگەیاند" هەر کارگەیەک ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".