وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە بەغدا، دەشڵێت: پارەی تەواویان بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە وەکو ئەوەی لە خشتەی بودجەدا هاتووە،
وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢ی کانوونی دوەم لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە:
مانگانە مووچەیان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە دابەشکردنی وەکو خۆی بەپێی مانگەکان.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "بەگوێرەی تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجی، داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان چوار تریلیۆن و ٣٥٠ ملیار دینار بووە".
وەزارەتەکە روونیکردووەتەوە" پارەی خانەنشینان، پاراستنی کۆمەڵایەتی، فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازیمان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە ناردنی داهاتی نانەوتی بە پێچەوانەی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق"هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە دابەشکردنی مووچە بەشێوەی مانگانە، سەرەڕای ئەوەی بە هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق پارەی مووچەمان بۆ ناردوون".
دەشڵێت"ئێمە بەرپرسیار نین لە خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیدا".
ئەوەش لە کاتێکدایە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا جەختی لەوە کردەوە کە هەموو پابەندییە داراییەکانیان بەرانبەر بە عێراق جێبەجێ کردوە و بەغداد پرسی مووچە وەک موزایدەی سیاسی بەکار دەهێنێت و هەڕەشەیان کرد لەوەی بەغداد کێشەی مووچە چارەسەر نەکات لە حکومەتی فیدراڵی دەکشێنەوە و وەزیرەکانیان دەگەڕێننەوە.