ڕوانگەی سوری: هەسەدە بەرگری سەخت لە بەنداوی تشرین دەکات

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریا رایگەیاند" گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی تورکیا هەوڵی پێشڕەوی کردن  بەرەو بەنداوی تشرین دەدەن، هێزەکانی (هەسەدە)ش ڕووبەڕووی هێرشەکان دەبنەوە و پێگەکانیان بە باشی بەهێز کردووە".

رامی عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریا  ئەمشەو ڕایگەیاند" بەنداوی تشرین هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە دایە، بەپێچەوانەی ئەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە".

دەشڵێت" دەورووبەری بەنداوی تیشرین لە ژێر تۆپبارانی چڕ و پڕی هێزەکانی هاوپەیمانی تورکیادایە و هاوکات  فڕۆکە جەنگی و دڕۆنەکانی تورکیا بەردەوام ناوچەکە بۆردومان دەکەن.

ڕوانگەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بووەتە هۆی زیانی مرۆیی لەنێو هێزەکانی "هەسەدە"، بەڵام بەنداوەکە بەدەست هەسەدەوەیە.

 زیاتر لە مانگێک لەمەوبەر ئەم ئۆپەراسیۆنانە لەسەر بەنداوی تیشرین دەستیپێکرد و بە گوێرەی زانیارییەکان  لەم مانگەدا ٣٧٠ کەس لە هەردوولا کوژراون کە زۆربەیان لە هێزەکانی سوپای نیشتمانی تورکیا بوون کە لەلایەن تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا پاڵپشتی دەکرێن. 

رامی دەشڵێت"بەنداوی تیشرینیش قەڵایەکی بەهێزی هەسەدەیە".




PM:11:34:12/01/2025