وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ئەوەی ئێستا پێویستە ڕاگرتنی جەنگە لە باكووری سووریا "ڕۆژئاوای كوردستان" و پێدانی ڕۆڵە بە كورد لە قۆناغی نوێی سیاسی ئەو وڵاتەدا.
ئەمڕۆ یەكشەممە ١٢ی کانوونی دوەم لە ڕیازی پایتەختی سعودیە، كۆنگرەی تایبەت بە پشتیوانیكردنی گەلی سووریا بە بەشداری ژمارەیەک وڵاتی جیهانی و ناوچەکە بەڕێوەچوو.
بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە پەراوێزی كۆنگرەكەدا ئەنالینا بیربۆك لەگەڵ هاكان فیدان، هاوتا توركییەكەی كۆبۆتەوە.
وەزارەتەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە هاکان فیدانی ڕاگەیاندووە"سووریای نوێ نابێت ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێكانی".
وتوشیەتی"ئەوەی ئێستا پێویستمان پێیەتی ڕاگرتنی جەنگە لە باكوور و پێدانی ڕۆڵە بە كورد لە پڕۆسەی گواستنەوەی سیاسی سەرتاسەری لە سووریا".
ئەوەش لەکاتێکدایە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەوڵە سیاسیەکان بۆ داهاتووی سوریا، هێرشی چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی دەورووبەری کۆبانێ و بەنداوی تشرین بە چڕی بەردەوامە و هێزەکانی هەسەدە لە ژێر بۆردومانی سەختی ئاسمانی تورکیادا بەرگری لە بەنداوەکە دەکەن.