بەرپرسانی ئیسرائیل: پێویستە سوریا دابەش بكرێت بۆ چەند كانتۆنێك

ڕۆژنامەیەكی ئیسرائیلیی ئاشكرای دەكات، لە ناوخۆی ئیسرائیل گفتوگۆ دەكرێت لەبارەی پێشنیازی دابەشكردنی سوریا بۆ چەند كانتۆنێك، دەشڵێت: ئامانجی ئەو پێشنیازە پاراستنی كەمینەكانی سوریایە.

ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیوم، بڵاوی كردەوە: یسرائیل كاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی كردوە بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەكانی سوریا و دەستوەردانی توركیا و چارەسەركردنی ترسەكان لەبارەی ئەبو محەمەد جۆلانی سەرۆکی دەستەی تەحریری شام و سەلامەتی كەمینەكانی دروزیی و كوردەكان لەناوچەكە.

ئەو ڕۆژنامەیە ئاشكرای كردوە: لەو كۆبونەوەیەدا، گفتوگۆ كراوە لەبارەی پێشنیازی دابەشكردنی سوریا بۆ چەند كانتۆنێك لەپێناو پاراستنی ئاسایش و زامنكردنی مافی هەمو كەمینەكانی سوریا، بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیازی كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی كراوە لەبارەی سوریا وەك هەوڵێك بۆ پتەوكردنی سەقامگیریی هەرێمایەتی.

ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیوم، ئەوەشی خستەڕو: بەرپرسانی ئەمنی جەخت دەكەنەوە، ئیسرائیل پلان دانانێت بۆ بونی هەمیشەیی لە سوریا، بەڵكو پارێزگاری لە پێگەكانی دەكات تا سەقامگیریی بەدی دێت.



AM:09:12:13/01/2025