لە نامەیەکدا، ١٢٠ چالاکی سیاسی، مەدەنی و ڕاگەیاندکاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای ڕاگرتنی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و هەموو ئەو کەسانەی کە حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە دەکەن.
میدیاکانی رۆژهەڵات بڵاویانکردەوە " ئەو ١٢٠ چالاکوانە داوای پێداچوونەوە و دادگاییکردنەوەی سەرلەنوێ و هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی لە سێدارەدان دەکەن".
بەدیاریکراویش ئەو چالاکوانانە داوای ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزاکە و پێداچوونەوە بە دۆسیەی پەخشان عەزیزی و هەڵوەشاندنەوەی خێرای حوکمەکەی دەکەن و لە دەقی بەیاننامەکەدا هاتووە" "دوای ڕاگەیاندنی پەسەندکردنی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لەلایەن دیوانی باڵای ئێران، شەپۆلێک لە نیگەرانی و ئاڵۆزی کۆمەڵگای داگرتووە، بەتایبەت لە کوردستان. بە لەبەرچاوگرتنی کێشە هەمەلایەنەکان و ئەو قەیرانانەی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەڵک و کۆمەڵگا تووشیان دەبێت، دەرکردن و پەسەندکردنی ئەم جۆرە سزایانه لەم دۆخە هەستیارەدا لەگەڵ هیچ پێوەرێکی ژیری، نەریتی، یاسایی و دەستووری یەک ناگرێتەوە."
واژۆکەرانی بەیاننامەکە جەخت دەکەنەوە کە ئەم جۆرە سزایانه تەنیا دەبنە هۆی ناومێدی و دەرکەوینی کەلێنی زیاتر لە نێوان کۆمەڵگا و حکومەت و زیادبوونی ناڕەزایەتییەکان.
ئەوان داوا دەکەن کە بە خێرایی جێبەجێکردنی حوکمەکە ڕابگیرێت و دۆسیەکە سەرلەنوێ پێداچوونەوەی پێدا بکرێت و حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی هەڵبوەشێنرێتەوە."
پەخشان عەزیزی، چالاکی مەدەنی و مافی مرۆڤی کورد، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە تاران حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا و دواتر لەلایەن دیوانی باڵای ڕژێمی تارانەوە پەسەند کراو هێشتا جێبەنەکراوە، ئەم بڕیارەش نیگەرانی و ناڕەزایەتی بەرفراوانی لێکەوتۆتەوە. چالاکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم حوکمە دەکەن و پێیان وایە کە دادگاییکردنەکە ناعادیلانە بووە.