ئەمڕۆ دووشەممە فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشوازی لە نوێنەری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی کرد.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار نیوز، ئەمڕۆ نوێنەری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دکتۆر حەمید دەربەندی گەیشتە ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، و لەگەڵ مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە کۆبووەوە.
هەر بەپێی ئاژانسەکە، لە میانی دیدارەکەدا و بەپێی زانیارییەکان کۆبوونەوەکە دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوەچوو، دەربەندی پەیامی بارزانی گەیاندووە بە کۆبانێ کە تیایدا جەختی لەسەر گرنگی یەکخستنی ڕیزەکانی کورد کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستای سوریا.
لای خۆیەوە، مەزڵوم عەبدی جەختی لەوە كردەوە كە قۆناغی ئێستا پێویستی بە یەكخستنی هەوڵەكانی سەرجەم لایەنە كوردییەكانە لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و گەرەنتیكردنی پاراستنی بەرژەوەندی و دەسكەوتەكانی گەلی كورد.
هاوکات هەر لەسەر ئەم پرسە هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، ئەمشەو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) ڕایگەیاند" دەستپێشخەرییەكی بارزانی بۆ پەیوەندیكردن بە فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە باكور و باكوری رۆژهەڵاتی سوریاو، پاڵنان بەرەو یەكڕیزی كورد لە مامەڵەكردن لەگەڵ دەسەڵاتدارە نوێكانی سوریا لە دەستەی تەحریری شام، بەرەوپێشچونێكی ترە لەبارەی هاوكاریكردنی سوریا بۆ جوڵەكردن بە نەرمونیانی لە ماوەی راگوزەر بەرەو سەقامگیری و تەبایی".