ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان - پەژاك لەبارەی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی لەلایەن دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" بڕیارەکە هیچ پێگەیەكی یاسایی نییە و بە تەواوی بڕیارێكی سیاسییە".
لە ڕاگەیەندراوەکەی پەژاک هاتووە" لە بنەڕەتدا سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر پەخشان عەزیزی و دواتریش بەسەر وریشە مورادی تەنانەت بەپێی خودی یاسا نامرۆییەكانی رژیمی ئیسلامی، هیچ پێگەیەكی یاسایی نیە و بە تەواوی بڕیارێكی سیاسییە، ژنە ئازادیخواز پەخشان عەزیزی كە یارمەتیدەری گەلی خۆی لە دژی تیرۆری داعش بووە، شایانی ستایش و رێز و پێزانینە نەك گرتن و سزای سێدارە".
ئەنجوومەنەکە ڕاشیگەیاندووە" سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی ئەم حوكمە دژە مرۆییە، روانگە و ئامانجی هاوبەشی رژیمی ئیسلامی و داعش لە بەرانبەر ژنانی ئازادیخواز و گەلی كورد نیشان دەدات، كۆماری ئیسلامی ئێران كە شكستە بەردەوامەكانی لە گۆڕەپانی سیاسەتی دەرەوە گەیاندوویەتی بە خاڵی هەرە لاواز لە مێژووی خۆیدا، تەنیا رێگای درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی و مانەوەی لە دەسەڵاتدا، لە پەیرەوكردنی سیاسەتی مشتی ئاسنین لە ناوخۆدا دەبینێت".
دەشڵێت" بەرخۆدانی ئازادیخوازان و بە تایبەتی ژنان، دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی بێچارە و دەستەوەستان كردووە، بەرخۆدانی ژنانی ئازادیخواز، وەكو پەخشان و وریشە و زەینەب كە پشت ئەستوورە بە فەلسەفەی (ژن ژیان ئازادی)، نوێنەرایەتی ئیرادە و ویستی هەموو ناسنامە، گەلان و ژنانی ئێران و كوردستان دەكات، ئەو ئیرادەیە بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر تاكی ئازادیخوازدا هەر پتەوتر و بەهێزتر دەبێت".
پەخشان عەزیزی ساڵی ڕابردوو، لە شارۆچکەی خەرازی شاری تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکرا، هەروەها دواتر لە بەندیخانەی ئێڤین بۆ زیندانی ژنانی ئەو بەندیخانەیە گواسترایەوە.