سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح ڕایدەگەیەنێت" پرسی نەوتی هەرێم لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چارەسەر دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت".
هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، ئەمشەو دووشەممە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا قسەی بۆ ڕۆژنامەنوسان کرد و ڕایگەیاند" ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژە یاسایەکی سەبارەت بە هەرێم پەسەند کردووە کە هەموواری یاسایی بوودجەیە".
عامری دەشڵێت" بەپێی یاسایی بوودجە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم ٨ دۆلار بووە لە ساڵی ٢٠٢٣دا، بەڵام بەرپرسانی هەرێم ئەو بڕیارەیان بەلاوە کەم بووە، بەوهۆیەوە حکومەتی عێراق بڕەکەی هەمووار کردەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، پێیان وایە کە ئەو پرسە چارەسەر دەکرێت و لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دەدرێت.
سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح هێمایی بۆئەوەشکرد" حکومەتی فیدراڵ سوورە لەسەر ئەوەی چارەسەری سەرجەم کێشەکان بکات و بەرپرسیاریشین لە چارەسەرکردنی کێشەکان".
لای خۆشییەوە سەرۆکایەتی هەرێم سەبارەت بە ناوەرۆکی کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و هادی عامری ڕایگەیاندووە" لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگی کاری هاوبەش کراوەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەددایانەی ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە، جەختیشیان لە پێویستی بەرزکردنەوەی گفتوگۆ لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان کردووەتەوە بۆ گەیشتن بە دیدگایەکی هاوبەشی نیشتمانی کە خزمەت بکات سەقامگیری و پێشکەوتنی وڵات".
هەروەها لە دیدارەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کراوە، بەتایبەت گۆڕانکارییەکان لە سوریا و کاردانەوەکانیان.