"بڕی تەمویلکراو بۆ مووچەی هەرێم لە ٢٠٢٤دا کەمترە لە کۆی تەرخانکراو"

ئه‌ندامێکی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایدەگەیەنێت" له‌ ساڵی ڕابردوودا نزیكه‌ی ١٠ تریلیۆن و ٧٣٨ ملیار و ٦٢٩  ملیۆن دینار ره‌وانه‌ی هەرێم کراوە كراوه‌، بەو پێیەش بێت بڕی تەمویلکراو بۆ مووچەخۆران کەمترە لە کۆی تەرخانکراو". 

د. نه‌رمین مه‌عروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ڕایگەیاندووە" لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی‌ عێراق به‌ میوانداری به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی (بودجه‌، ژمێركاری، قه‌رزی گشتی) له‌ وه‌زاره‌تی دارایی فیدڕاڵ کۆبوونەوە".

ئەوەشی خستەڕوو، كۆبونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ گفتوگۆ و به‌دواداچون بۆ بڕ و رێژه‌ی جێبه‌جێكردنی بودجه‌ی ساڵی ڕابردوو و ته‌مویلكردنی پرۆژه‌ نوێ و به‌رده‌وامه‌كانی وه‌به‌رهێنان، هه‌مواری یاسای بودجه‌، قه‌رزه‌ نێوخۆی و ده‌ره‌كییه‌كانی عێراق، كورتهێنانی بودجه‌، پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ و موچه‌ و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی دارایی. 

د. نه‌رمین مه‌عروف ئاماژەی بەوەشکردووە، به‌پێی داتاكانی وه‌زاره‌تی دارایی فیدڕاڵ ده‌ركه‌وت تا كۆتایی مانگی (١٢)ی ٢٠٢٤ له‌ كۆی زیاتر له‌ ٨٩ تریلیۆن و ٧٤٣ ملیار و ٢٠٣ ملیۆن دینار بۆ مووچه‌ له‌ عێراق، نزیكه‌ی ١٠ تریلیۆن و ٧٣٨ ملیار و ٦٢٩ ملیۆن دینار بۆ ته‌مویلی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم (فه‌رمانبه‌ران، خانه‌نشینان، چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی) خه‌رجكراوه‌ كه‌ ده‌كاته‌ رێژه‌ی ١١.٩٦%ی كۆی خه‌رجكراو بۆ مووچه‌ی عێراق و رێژه‌ی ٦.٨٦%ی كۆی خه‌رجكراوی كرداری بوودجه‌ كه‌ نزیكه‌ی ١٥٧ تریلیۆن و ٥١٠ ملیار دینار بووە. 

ئەندامەکەی لیژنەی پەرلەمانی عێراق ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووە، بڕی ته‌مویلكراو بۆ موچه‌ی هه‌رێم له‌ ساڵی ڕابردوودا كه‌متره‌ له‌ كۆی ته‌رخانكراو بۆ مووچه‌ی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی ٢٠٢٤ كه‌ به‌ ١١ تریلیۆن و ٥٧٦ ملیار و ٥٢١ ملیۆن ٣٣٥ هه‌زار دینار خه‌مڵێنرابوو له‌ كۆی زیاتر له‌ ٩٥ تریلیۆن دینار ته‌رخانكراوی بوودجه‌ بۆ مووچه‌ی هه‌موو مووچه‌خۆرانی عێراق له‌ ساڵی ٢٠٢٤دا. 



AM:12:01:14/01/2025