لە نەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانی، ژنێکی تەمەن ٤١ ساڵان دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی جوانکاری گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ماڵپەڕی (سپی)، شەوی ڕابردوو ژنێکی دانیشتووی شاری سلێمانی بە ناوی (هـ، م)، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی جوانکاری لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ژنەکە تەمەنی ٤١ ساڵە و لەلایەن پزیشکێکی نەخۆشخانەکەوە نەشتەرگەری دەرهێنانی چەوری بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام بەپێی وتەی کەسوکارەکەی دوای دەرچوونی لە ژووری نەشتەرگەری ١٠ خولەک هۆشی هاتۆتەوە و دواتر گیانی لەدەستداوە.
کەسوکارەکەی هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو ژنە بۆ "هەڵەی پزیشکەکە دەگەڕێنەوە" و بەوهۆیەوە سکاڵایی یاساییان لەسەر پزیشکەکە تۆمارکردووە و لە ئێستادا ئەو پزیشکەکە دەستگیرکراوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانییەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
ماڵپەڕی (سپی) بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر چەند جارێک پەیوەندی کرد بە سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.
تائێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمیان دەربارەی ڕووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە و بڕیارە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا زانیاری زیاتر لەبارەیەوە بڵاوبکەنەوە.