(سپی) وردەکاری نوێ لەبارەی ئەو ژنەی بەهۆی نەشتەرگەری جوانکاری گیانی لەدەستدا بڵاودەکاتەوە

دوێنێ لە نەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانی، ژنێک دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی جوانکاری گیانی لەدەستدا و وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەوبارەیەوە دەڵێت" لە ئێستادا ئەو پزیشکە بەپێی ماددەی (٤١١) زیندانیکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت". 

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" دوێنێ ژنێکی دانیشتووی شاری سلێمانی لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی نەشتەرگەری راکێشانی چەوری ورگی کردووە، بەڵام دوای ئەوەی لە ژووری نەشتەرگەری هاتۆتە دەرەوە بردویانەتە هوڵ و لەوێ دۆخی تەندروستی تێکچووە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە". 

وتەبێژەکەی پۆلیسی سلێمانی لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی" دوای ڕووداوەکە کەسوکاری ژنەکە سکاڵایی یاساییان تۆمارکردووە و لە ئێستادا کەیسەکەی لە بنکەی پۆلیسی سەرایە". 

سەرکەوت ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا ئەو دکتۆرە کە پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی جوانکاریییە، بەپێی ماددەی (٤١١) لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە و پۆلیس دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.

بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، ئەو ژنە خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە، تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ بەشی پزیشکی دادی سلێمانی.


PM:12:53:14/01/2025