سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی توركیا (مەهەپە) پەیامێك بە كوردانی باكووری كوردستان دەدات و دەڵێت" پێشمەرگەی هەولێر ناتوانێت وەکو من خاوەندارێتیتان بکات و چارەنووسی کورد و تورک یەکە".
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان دەربارەی پڕۆسەی ئاشتی و چەك دانانی پەكەكە ڕایگەیاند" کاتی کۆتایی تیرۆر هاتووە. دەبێت بەبێ مەرج ڕابگەیەندرێت کە پەکەکە کۆتایی هاتووە. لە دیداری دووەمی نێوان شاندی دەم پارتی و ئیمراڵی دەبێت ڕابگەیەندرێت کە بوونی پەکەکە کۆتایی هاتووە، بە تیرۆر هیچ ئەنجامێک بەدەستنەهاتووە و ئەو لاپەڕە خوێناوییەی کە دەیان قوربانی تێچووە داخراوە".
وتیشی" سەردانەکانی دەم پارتی دڵخۆشکەرن. لای ئێمەش بە ئەرێنی بەڕێوەچوون "، و لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستان جەختیکردەوە کە "لە هەر کوێیەک سەرچاوەی تیرۆر هەبێت، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات، دەبێت کۆماری تورکیا بەپێی پرەنسیپەکانی پاراستنی ڕەوا لەناویان ببات، چونكە پەکەکە/یەپەگە دەبێت لە سووریا دەربچێت و دەبێت هەردوو لای فورات لە تیرۆر پاک بکرێنەوە.
سەرۆکی مەهەپە لەبارەی پەیوەندیی کورد و تورکەوە ڕاشیگەیاند" تاوەکو ئەو چاڵە مەرگەی کە دەیانەوێت ١٥٠ ساڵە لە نێوان تورک و کورد دا بکرێتەوە بە تەواوی و بۆ هەمیشە دانەخەین، چۆن دەتوانین واتای ڕاستەقینە بە برایەتیی هەزار ساڵە بدەین؟.
باخچەلی وتیشی" سەرەڕای ئەوەی هیچ کات بە چاوێکی چەوت لە برا کوردەکانمان نەڕوانیوە. هیچ کات ئەوانمان وەک ‘ئەوانی دیکە و کێشە نەبینیوە. هەمیشە بە مێرخاسی پاراستوومانە کە پێکەوە نەتەوەی تورکین. پێشمەرگەی هەولێر ناتوانێت لە من زیاتر خاوەندارێتیتان بکات. قەدەری تورک و کورد پێکەوە نووسراوە".