"بكوژی ژنه‌كه‌ی گه‌ڕه‌كی سه‌رچنار لە پارێزگایەكی عێراق ده‌ستگیركرا"

پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" لەسەر دۆسیەی كوشتنی ژنێک لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی، تۆمەتبارێك لە پارێزگای عەممارە دەستگیركرا". 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، کەمێک پێش ئێستا له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویکردەوە" دوای ئەوەی لە ڕۆژی ١٧ی ٨ی ٢٠٢٣ ژنێك لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی بە خنكاوی دۆزرایەوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچونەكانیان دەستپێكرد و دەركەوت لەلایەن خزمێكی خۆیەوە كوژراوە و بكوژەكەش بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتووە". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، لێكۆڵینەوە و بەدواداچونەكانی پۆلیس بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار بەردەوام بوو، تا ئەو كاتەی شوێنی نیشتەجێبونی تۆمەتبار دۆزرایەوە و توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتن و بە هاوكاری دەزگای هەواڵگری حكومەتی فیدراڵ تۆمەتبار لە پارێزگای عەممارە دەستگیربكرێت.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووە" لە ئێستادا تۆمەتبار (ك ،ع، ف  بە ناسنامە عەرەب، لە دایكبووی ٢٠٠٦) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و دانی ناوە بە تاوانەكەیدا كە تۆمەتبار لە پارێزگای عەممارەوە هاتوەتە شاری سلێمانی و لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی هەستاوە بە خنكاندنی پوری خۆی". 



PM:12:19:15/01/2025