هاووڵاتییەكی خەڵكی گوندی گەڵاڵە لە سنووری قەزای ماوەت لە شارباژێڕ لەلایەن درۆنێكی توركیاوە دووجار دەکرێتە ئامانج.
حسێن ئەحمەد عەبدوڵڵا، كە تەمەن ٥٠ ساڵە، خەڵکی گوندی گەڵاڵەی ناوچەی شینکایەتییە لە قەزای ماوەت لە شارباژێڕ.
بەپێی زانیارییەكان، ئەو هاووڵاتییە لە سلێمانیەوە بەڕێکەوتووە بۆ گوندی گەڵاڵە بۆ کاری باخەوانی، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە دووجار بە ئامانج گیراوە.
لای خۆیەوە کامەران عوسمان بەرپرسی رێکخراوی سی پی تی بڵاویکردووەتەوە" حوسێن بۆ کاری جوتیاری، بە ئۆتۆمبێلەکەی کە لە جۆری نیسان-پیکاپ ٢٠٠٢ە، ڕوودەکاتە دۆڵی شۆرە لە گوندی گەڵاڵە و دەستدەکات بە سماق بڕین. کات دەگاتە نزیک کاتژمێر ٣،١٥ خولەکی دوانیوەڕۆ، حوسێن گوێی لەدەنگی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەبێت کە زۆر بە نزمی بەسەر باخەکەدا دەسوڕێتەوە. ئەمە وایلێدەکات کە بترسێت و بەزوویی بچێتە ناو ئۆتۆمبێلەکەی. کاتێک ئۆتۆمبێلەکە دادەگیرسێنێت، دەنگی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە نزیکتر دەبێتەوە. حوسێن بەخێرایی لە ئۆتۆمبێلەکەی دێتە دەرەوە و ڕادەکات. هێشتا تەواو خۆی حەشار نەداوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە، بۆمبێک ئاراستەی ئۆتۆمبێلەکە دەکات و شوێنی دانیشتنی شۆفێر لە ئۆتۆمبێلدا دەپێکێت. حوسێن دەیگووت، ئەگەر تەنیا ١٠ چرکە دواکەوتبام لە هاتنە دەرەوە لە ئۆتۆمبێلەکە، ئەوا بێگومان ئێستا نەمابووم و هەپروون بە هەپروون دەبووم. ئەو جوتیارە دڵنیا دەبێتەوە کە ئەم ئامانجە و کەسیش نیە بیپارێزێت تەنیا زیرەکی خۆی نەبێت لە خۆ حەشاردان و پەنا بردنە بەر شوێنێکی سەلامەت".
ئاشکراشی کرد حوسێن بە گاگۆڵکێ و خۆ خلۆرکردنەوە، خۆی دەگەیەنێتە شیوێکی پێش گوند. لەوێدا خۆی گرمۆڵە دەکات بۆئەوەی نەکەوێتە بەر لێنزی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە و بە ئامانج نەگیرێت. لە خەیاڵی ئەوەدابوو، کە ئەگەر بە ئامانجبگیرێت دەبێت دواتر دەوڵەتی تورکیا چ تۆمەتێکی بۆ دابتاشێت و بەچی تاوانباری بکات، لەو کاتەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لەنزیک شوێنی حوسێن بۆردوومانی دووەمی کرد. ئەمجارەش حوسێن بەرنەکەوت و وەکو خۆی دەڵێت ڕۆژی دوایی نەهات!. ئەمە وایلێدەکات کە لە شیوەکەدا زیاتر خۆی بشارێتەوە و تاوەکو دونیا بەتەواوی تاریک دەبێت نەیەتە دەرەوە.
ئاماژە بەوەشدەکات فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەسەر باخەکەدا دەسوڕێتەوە و چاوەڕێی دەرکەوتنەوەی حوسێن دەکات تاوەکو بەئامانجیبگرێت. دوای ئەوەی دەنگی فڕۆکەکە نامێنێت، حوسێن بە ڕاکردن و بێ ئاوڕدانەوە خۆی دەکات بە گونددا و هەواڵی سەلامەتی خۆی دەدات بە خەڵکی گوندی گەڵاڵە کە پێیان وابوو حوسێن پێکراوە و گیانی لەدەستداوە.
فڕۆكە جەنگییەكان و درۆنەكانی توركیا بەردەوام لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان هێرش دەكەنە سەر ناوچە نیشتەجێبوونەكان و گوندنشینانیان هەراسان كردووە و تا ئێستا چەندین هاووڵاتی مەدەنی و جووتیار شەهید و بریندار بوون.