هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان ئاشكرای دەكات، كە بۆ مەڕاسیمی دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێی ئەمریكا ٢٠ی مانگ دەچێتە كۆشكی سپی.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای كوردستان) بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتڕاستی کردەوە، کە ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە لە مەراسیمی سوێندخواردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە واشنتۆن ئامادە دەبێت.
ئیلهام ئەحمەد کە چەند ڕۆژێکە لە بەریتانیایە، لە وڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکدا پشتڕاستی کردەوە، کە بەشداری مەراسیمی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ دەکات.
ئەمە لەكاتێكدایە، دەنگۆی ئەوە هەیە كە بۆ هەمان مەراسیم، مەزڵوم عەبدی، فەرمانگی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) دەچێتە واشنتۆن.