ژمارەیەک
هەڵسووڕاوی میدیایی، ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن لە راگەیەنراوێکدا دەڵێن،
ناوچەکە لە دۆخێکی هەستیار دایە و هاوکات
دەرفەت و مەترسی زۆر هاتووەتە ئاراوە، داواش دەکەن میدیاکان مامەڵەیەکی
بەرپرسیارانە لەگەڵ دۆخەکە بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە
١٥ی کانوونی دووەم ٢٦ ڕێکخراو و دەزگای میدیایی
و ڕۆژنامەنووس ڕاگەیەنراوێکیان سەبارەت بە دۆخی ئێستای ناوچەکە بە تایبەت ڕۆژئاوای
کوردستان و هاوکات ئەرکی سەشانی ڕۆژنامەنووسان و دەزگا میدیاییەکان بۆ مامەڵەکردن
لەگەڵ دۆخی رۆژئاوا بڵاوکردەوە.
لە بەشێکی
راگەیەنراوەکەیاندا هاتووە"وەک هەموان ئاگادارن لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەدەوە، دۆخێکی هەستیارو
ئاڵۆز لە ناوچەکەماندا هاتۆتە پێشەوە. ئەم دۆخە سیاسییە نوێیە و هەموو ئەو پێشهاتانەی
دیکە کە دەشێت لە ئایندەدا رووبدەن، بۆ کورد بەگشتی و رۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی
بەروویەکدا مەترسین و، بە رووەکەی دیشدا دەرفەت، تاکە رێگەیش بۆ مسۆگەرکردنی قۆزتنەوەی
دەرفەتەکان و پووچەڵکردنەوەی مەترسییەکان ئەوەیە بەرەی ناوخۆی کوردستان تەبا و
سازو ئامادەبن بۆ مامەڵەکردنێکی دروست لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەدا".
دەشڵێن" ئەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیارە ئەوە لە
میدیا دەخوازێت کە پرسی هاوڵاتی کوردستان و دۆزەکەی بخاتە پێشەوەی پرسەکانی ترەوە.
دەکرێت لەم هەلومەرجەدا ناکۆکییەکانی نێوان پارچەکانی کوردستان و ناکۆکی لەسەر
ئاستی یەک پارچە و بگرە جیاوازی و بەتابییەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی باشور و کۆمەڵگاش
بەرپرسانەتر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە بچێتە سیاقی ئەو رووداوانەوە کە ئەگەری پێشخستنی
دۆزی کوردی بەهێز دەکات".
جەختیش دەکەنەوە لەوەی " پێمان وایە ئەرکی سەرجەم میدیاکانی باشوورە بە حزبی و نیمچە حزبی وسەربەخۆوە،
بابەتیانە کاربکەن و پابەندبن بە ئێتێکی رۆژنامەوانییەوە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆزی گەلەکەیان
و پاراستنی دەستکەوتەکانی لە رۆژئاواو ئەو مەترسییە نوێیانەی رووبەرووی دەبێتەوە.
لێرەوە بانگهێشتی هاوڕێ و هاوپیشەکانمان لە باشووری کوردستان دەکەین، چ وەک تاکەکەس
و چ وەک دەزگای میدیایی و هەر هاوڵاتییەکیش کە لە سۆسیال میدیا ئاکتیڤە، لەگەڵمان
بن و پابەندی ناوەرۆکی ئەم نامەیە بن کە ئاراستەی ئەوان و رای گشتی خەڵکی کوردستان
و لایەنە سیاسیەکانی دەکرێت".
دەقی راگەیەنراوەکە:
بانگەوازێک بۆ هاوڕێ و هاوپیشەکانمان لە باشووری
کوردستان
وەک هەموان ئاگادارن لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەدەوە،
دۆخێکی هەستیارو ئاڵۆز لە ناوچەکەماندا هاتۆتە پێشەوە. ئەم دۆخە سیاسییە نوێیە و هەموو
ئەو پێشهاتانەی دیکە کە دەشێت لە ئایندەدا رووبدەن، بۆ کورد بەگشتی و رۆژئاوای
کوردستان بە تایبەتی بەروویەکدا مەترسین و، بە رووەکەی دیشدا دەرفەت، تاکە رێگەیش
بۆ مسۆگەرکردنی قۆزتنەوەی دەرفەتەکان و پووچەڵکردنەوەی مەترسییەکان ئەوەیە بەرەی
ناوخۆی کوردستان تەبا و سازو ئامادەبن بۆ مامەڵەکردنێکی دروست لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە
نوێیانەدا.
گومانی تێدا نییە لەم هەلومەرجەدا ئەرکی سەرشانی
دامودەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانە رۆڵێکی پۆزەتیڤانەی گرنگ ببینن و ستراتیژێکی
نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆڤ دۆستانەیان هەبێت. بە پێچەوانەشەوە گەر بەم ئاراستەیە
کارنەکەن لەبری ئەوەی ببنە هۆکاری بەرەوپێشبردنی دۆزی نەتەوەکەمان، دەبنە هۆکاری
دابەشبوون و زیادکردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان و نێو خودی کۆمەڵگای کوردیش.
دیارە نکۆڵی ناکرێت لەوەی کۆمەڵگەی کوردستانیش
وەک هەموو کۆمەڵگەیەکی دیکەی مرۆڤایەتی، پڕە لە بەرژەوەندی و سیاسەتی جیاواز و
ململانێی ناوخۆیی. لەگەڵ ئەوەیشدا، هیچ گومانێکمان نییە لەوەی چوارچێوەی فراوانی
کوردبوون و کوردستانی بوون، دەشێت و دەبێت سەرباری جیاوازییەکانمان لە ژێر چەتری نیشتماندا
کۆمان بکاتەوە. لەمەیشدا میدیاو میدیاکارن دەتوانن رۆڵی سەرەکی ببینن.
ئەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیارە ئەوە لە میدیا دەخوازێت
کە پرسی هاوڵاتی کوردستان و دۆزەکەی بخاتە پێشەوەی پرسەکانی ترەوە. دەکرێت لەم هەلومەرجەدا
ناکۆکییەکانی نێوان پارچەکانی کوردستان و ناکۆکی لەسەر ئاستی یەک پارچە و بگرە جیاوازی
و بەتابییەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی باشور و کۆمەڵگاش بەرپرسانەتر مامەڵەی لەگەڵدا
بکرێت کە بچێتە سیاقی ئەو رووداوانەوە کە ئەگەری پێشخستنی دۆزی کوردی بەهێز دەکات.
حزبەکان و کۆمەڵگا و میدیای کوردی لەهەر چوار
پارچەی کوردستان دەبێت ئەزموونی شەڕی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا لەبەرچاو بگرن کە میدیا
پاڵپشتی پێشمەرگەی باشور و رۆژهەڵات و گەریلای لە بەرەکانی شەڕی دژی داعش دەکرد و
بەرپرسانە لەگەڵ ئەو رووداوانەدا رووماڵی دەکرد. هاوکاتیش پشتگیریی شەڕی شەرڤانانی
دەکرد لە کۆبانێ و ناوچەکانی تری رۆژئاوای کوردستان. هەر لەم بوارەیشدا دەبێ زۆر
وریای ئەوەبن کە بە رووماڵەکانیان نەبنە ئامێری پروپاگەندەی دوژمنان و سەکۆیەک بۆ
بڵاوکردنەوەی گوتاری سیاسیی بەرەی دژ بە خەڵکی کوردستان و هێزە تاریکپەرستەکان.
لەم دۆخە هەستیارە نوێیەدا نابێت میدیا و میدیاکاران
جەخت لەسەر فراوانکردنی کەلێن و بۆشاییەکانی نێوان هێزە سیاسییەکان بکەنەوە، بەڵکو
کار لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوانیان بکەن، تا ئەم قۆناغە هەستیارەی دۆزی نەتەوەکەمان
بگوێزینەوە بۆ دۆخێکی ئارام و سەقامگیرتر.
پێمان وایە ئەرکی سەرجەم میدیاکانی باشوورە بە
حزبی و نیمچە حزبی وسەربەخۆوە، بابەتیانە کاربکەن و پابەندبن بە ئێتێکی رۆژنامەوانییەوە،
بە لەبەرچاوگرتنی دۆزی گەلەکەیان و پاراستنی دەستکەوتەکانی لە رۆژئاواو ئەو مەترسییە
نوێیانەی رووبەرووی دەبێتەوە. لێرەوە بانگهێشتی هاوڕێ و هاوپیشەکانمان لە باشووری
کوردستان دەکەین، چ وەک تاکەکەس و چ وەک دەزگای میدیایی و هەر هاوڵاتییەکیش کە لە
سۆسیال میدیا ئاکتیڤە، لەگەڵمان بن و پابەندی ناوەرۆکی ئەم نامەیە بن کە ئاراستەی
ئەوان و رای گشتی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانی دەکرێت.
ناوی دەزگا و ناوی رۆژنامەنووس:
١- شوان محمەد . سەرنوسەری
ماڵپەڕی سپی میدیا.
٢- د. کامل عمر بەرپرسی پەیوەندیەکان
و ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕاو میدیا.
٣- کەمال ڕەئوف ـ سەرنووسەری
دەزگای میدیایی شارپرێس.
٤- هاوکار عزەت ـ سەرۆکی
فیدراسیۆنی ڕۆۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ.
٥- د. جەعفەر عەلی ـ بەرپرسی
ناوەندی توێژینەوەی شار.
٦- سلێمان عەبدوڵا یونس ـ
سەرۆکی دەزگای میدیایی خەندان
٧- هەڤاڵ محەمەد ـ بەڕێوەبەری
دەزگای میدیایی خەندان.
٨- تارق فاتیح ـ سەرنووسەری
دەزگای میدیایی هاوڵاتی.
٩ـ محەمەد مەحمود حمەسالح
ـ بەرپرسی دەزگای میدیایی ئیرادە.
١٠ـ هەردی عبدالله نجم ـ سەرنووسەری دەزگای میدیایی
ئیرادە.
١١ - رەحمان غەریب ـ رێکخەری
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامونووسان.
١٢- دیاری محمد ـ بەڕێوەبەری
سەنتەری میترۆ.
١٣- ئەحمەد میرە ـ سەرنووسەری
گۆڤاری لڤین
١٤-ئاسۆس هەردی ـ بەڕێوەبەری
گشتی ڕۆژنامەی ئاوێنە.
١٥ - سالار رەزا سەعید.. ڕۆژنامەنووس
١٦- ئاکۆ محەمەد مەحمود ـ
ئەندامی بۆردی گشتی دەزگای میدیایی ستاندار، لێپرسراوی ئۆفیسی سلێمانی.
١٧- هێمن مەحمود رەشید-بەڕێوەبەری
کەناڵی زووم
١٨-عەبدولکەریم ئەحمەد ـ ڕۆژنامەنووس
١٩- ئاراس ئیبراهیم
عبداللە ـ ڕۆژنامەنووس
٢٠- سنور کەریم ـ دەنگی ئەمریکاVOA
٢١- رۆشن قاسم ـ ڕۆژنامەنووس
٢٢- ئەرکان محەمەد ـ سەرنووسەری
ڕۆژنیوز
٢٣- داهێن هاشم ـ ڕۆژنامەنووس KNN
٢٤- شنە پیرۆت ڕۆژنامەنووس
ـ KNN
٢٥- ئاوات عبداللە حسن ـ ڕۆژنامەنووس
٢٦- ئازاد عوسمان، ڕادیۆی دەنگ