ئەمریكا: کارمان کردووە بۆ گەیشتن بەرێككەوتن بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشکرای کرد کە داوایان لە پەرلەمانی عێراق کردووە بە زوویی هەمواری بودجە تێپەڕێنێت ودەڵێت" لەگەڵ بەغدادو هەولێر كارمان كردووە بۆ گەیشتن بەرێككەوتن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم".

ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ میدیای پارتی رایگەیاند" لەگەڵ بەغدا و هەولێر كارمان كردووە بۆ گەیشتن بەرێككەوتنێكی هەمیشەیی لەبارەی بودجە، بەجۆرێك ئاسانكاری بكات بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم".

لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمەوە ناوبراو وتی" ئێمە هانی لایەنە سیاسییەکان دەدەین و پشتیوانی لە پێکهێنانی حکومەتێکی فرەلایەن و بەپەلە بکەن، پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە هەرێمی كوردستان مافەكانی مرۆڤ و گەشەی ئابوری و هێزی هەرێمی كوردستان بەهێز دەكات، وەك بەشێك لە عێراقێكی خاوەن سەرەوەری و سەقامگیر".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەفتەیە پێداچونەوەی هەمواری بودجەیان بینیوە و هانیان دەدەن بەزوویی تێیپەڕێنن.

میلەر ئاماژەی بەوەكرد ڤیكتۆریا تایلەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەسەردانێك لە عێراق بووە ، بۆ ئەنجامدانی  گفتوگۆی دیپلۆماسی سەبارەت بە سەقامگیری ئاسایشی هەرێمی كوردستان و پشتیتوانیكردنی حزبەكەكان، بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی گشتگیر لەكاتێكی دیاریكراودا.




AM:10:55:16/01/2025