پێشەوا هەورامی: ئەگەر بەغدا تەواوی بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت داهاتی ناوخۆ رادەست دەکەین

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە  ئامادەن داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا بکەن، بەڵام بەو مەرجەی حکومەتی فیدراڵی تەواوی بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت .

ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ نوێنەری وڵاتان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند" لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان، تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، شایستە داراییەکانی هەرێم، هەناردەکردنەوەی نەوت، دۆخی ناوچەکە و چەندان پرسی دیکەیان کردووە."

سەبارەت بە پرسی ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ بە بەغدا، وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتی" ئامادەین داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا بکەین و لە ڕابردووشدا ئەمەمان گوتووە، بەڵام بەو مەرجەی هەموو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، نەک تەنها مووچە".

پێشەوا هەورامی دەشڵێت" ئامادەین نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرین، بەڵام ئایا کێ پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هێواش کردەوە و وایکرد بە بڕی زیاتر لە ٢٥ ملیار دۆلار زیان بە گەنجینەی عێراق بکەوێت؟ بێگومان لە لایەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هیچ پێشێلکارییەک نەبووە، بەڵام لە لایەنی حکوومەتی عێراق، ئەگەر سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش نیازی چارەکردنیشی هەبوو بێت، ئەگەر ڕاشکاوانە و بێ پێچ و پەنا قسە بکەین، هەندێک هێز و لایەنی دیکە هەن، دەتوانن ڕێگریی لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە بکەن کە لایەنی فەرمی دەیانکات".

ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوەی حکومەتی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەیکات " سیاسەتی برسیکردنە و هیچ بیانوویەک هەڵناگرێت".

پێشەوا هەورامانی ڕەتیشیکردەوە کە پلان هەبێت بەم نزیکانە شاندی وەزارەتی دارایی بۆ چارسەرکردنی کێشەکان بچێتە بەغدا.
ئەمڕۆ شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە هەولێر کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکە لەبارەی یاسای بودجە و ئەو پابەندییانەی لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، هەروەها جێ بەجێ نەکردنی پابەندییەکانی حکوومەتی عێراق لەبارەی بودجە گفتگۆی لەسەر دەکرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا، زیاتر لە ٢٣ کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان بەشداربوون.





PM:01:04:16/01/2025