سەفین دزەیی هەواڵی سەردانەکەی مەزڵوم عەبدی بۆ هەرێم پشتڕاستکردەوە

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم هەواڵی سەردانەکەی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدەی بۆ هەرێم پشتڕاستکردەوە و دوپاتیشیکردەوە کە گۆڕانکارییەکان لەسەر ناوچەکە کاریگەری لەسەر عێراق هەیە. 

سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" هیوادارین سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و ئاسایش بۆ سوریا بگەڕێتەوە، ئێمە گرنگی بە پرسی کورد لە سوریا دەدەین، بەو پێیەی کوردی ئەوێ تەنانەت مافی هاوڵاتیبوونیان نەبووە".

دزەیی دەشڵێت" هەوڵی ئەوە دەدەین نزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتن لە نێوان لایەنە کوردییەکان بەرزبکەینەوە، لەو چوارچێوەیەشدا نێردراوێکی تایبەتی مەسعوود بارزانی بۆ سوریا هەبوو، بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ دەسەڵاتی خۆجێی، و چاوەڕێی لێکنزیکبوونەوەی زیاتری نێوان لایەنە کوردییەکان دەکەین". 

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاری و لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا. 

سەفین دزەیی ئاشکراشیکرد کە" هێشتا ئاگاداری خشتەی کۆبوونەوە و سەردانەکەی مەزڵوم عەبدی نییە". 

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی ئاماژەی بەوەکرد کە بەمزوانە مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە سەردانی هەولێر دەکات و لە بارەگای بارزانی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بەرپرسانی کورد کۆدەبێتەوە.



PM:02:41:16/01/2025