ئەمڕۆ پێنج شەممە مهسعود بارزانی و مهزڵوم كۆبانێ له شاری ههولێر دوور لە چاوی میدیاکان كۆبوونهوه و ئەندامێکی مهكتهبی سیاسی پارتیش دهڵێت" كۆبونهوهیهكی گرنگ بوو".
هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، کەمێک پێش ئێستا لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ڕایگەیاند" کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان مەسعود بارزانی و مەزوڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەولێر، دەستکەوتێکی گرنگە".
زێباری ڕاشیگەیاندووە" کۆبوونەوەکە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی کورد و پێگەی کورد لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لە دیمەشق بۆ راگواستنێکی سیاسی ئارام گرنگە، سوپاس بۆ هەموو هاوپەیمان و دۆستەکانمان".
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" هیوادارین سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و ئاسایش بۆ سوریا بگەڕێتەوە، ئێمە گرنگی بە پرسی کورد لە سوریا دەدەین، بەو پێیەی کوردی ئەوێ تەنانەت مافی هاوڵاتیبوونیان نەبووە".
هەروەها دوێنێ چوارشەممە پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی ئاماژەی بەوەکرد کە بەمزوانە مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە سەردانی هەولێر دەکات و لە بارەگای بارزانی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بەرپرسانی کورد کۆدەبێتەوە.
هەرچەندە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان بارزانی و کۆبانێ دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوەچووە، بەڵام تائێستا ناوەرۆک و ئەنجامی دیدارەکەی ئەمڕۆی نێوان هەردوولا ئاشکرانەکراوە و هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەوبارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە.