هێزەکانی سوریای دیموکرات هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین لە ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی بۆ سەر هاوڵاتییانی مەدەنی ئیدانە کرد و بەرپرسیارییەتی لە هەر کاردانەوەیەکی جددی کە کاریگەری لەسەر بەنداوەکە هەبێت بە بەرپرسیار دەزانێت.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" بۆ دووەم ڕۆژ لەسەر یەک فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا خۆپیشاندەران دەکەنە ئامانج لە بەنداوی تشرین لە باشووری منبج کە داوای کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی تورکیا و کوتلە بەکرێگیراوەکانیان دەکەین بۆ سەر بەنداوەکە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا شەش هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش لە تاوانێکی نێودەوڵەتی ڕوون کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجام دراوە، بریندار بوون.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" دەوڵەتی تورکیا و سەرۆکەکەی ئەردۆغان بە بەرپرسیار دەزانین لە هەر دەرئەنجامێکی جددی و کارەساتبار کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکان بەسەر بەنداوەکەدا بکەوێت کە زیانی گەورەی بە بەنداوەکە گەیاندووە، هەروەها بە تەواوی بەرپرسیاری دەزانین لەو تاوانە جەنگییانەی کە بەردەوامە لە دژی گەلەکەمان لە ناوچەی بەنداوەکە و ناوچەکانی دیکە بەبێ هیچ ڕێگرییەکی مرۆیی و یاسایی".
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هەسەدە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن کە" بێدەنگی خۆی بشکێنێت سەبارەت بەو تاوانانەی تورکیا کە ماوەیەکی زۆرە دژی گەلەکەمان ئەنجامی دەدات، بەتایبەتی کۆمەڵکوژییەکانی ئەم دواییەی بەنداوی تشرین".