ناوەڕۆکی دیداری مەسعود بارزانی و مەزڵوم کۆبانێ ئاشکراکرا

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی  کانوونی دووەم لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.

بە گوێرەی راگەیەنراوی بارەگای بارزانی لەم دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.

هەر لەم دیدارەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەک هەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سوریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتووە.




PM:09:49:16/01/2025