وەزارەتی ناوخۆ ئەو دەنگۆیە کە، گوایە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری تێدا دەکرێت،رەتدەکاتەوە.
چەند رۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێکی میدیاکان دەنگۆیەک بڵاوکراوەتەوە، گوایە لە ١ـی مانگی داهاتووەوە ژمارەیەک گۆڕانکاری لە دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێریدا دەکرێت؛ دیارترینیان وانە خوێندنە بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ و شۆفێریکردنە بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ و زیاترکردنی ڕسوماتەکانە.
ئەمڕۆ هەینی سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی (ڕووداو) ڕایگەیاندووە" دەنگۆی گۆڕانکاری لە پێدانی مۆڵەتی شۆفێری ڕەتدەکەینەوە و هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستییەوە".
وتوشیەتی" هەموو کەسێک مافی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری هەیە بەو مەرجەی بۆ مۆڵەتی شۆفێری جۆری تایبەت تەمەنی ١٨ ساڵی تێپەڕاندبێت و بۆ مۆڵەتی گشتیش تەمەنی ٢٠ساڵ زیاتر بێت، هەروەها مەرجە تەندروستییەکانی تێدا بێت و خاوەن ڕەگەزنامەی عێراق بێت".