مەزڵوم عەبدی رایگەیاند" دیدارەکەی لەگەڵ مەسعود بارزانی جێگەی دڵخۆشی بووە، و گفتوگۆیان لەبارەی گۆڕانکارییەکانی سووریا کردووە و بە هاوبەشی جەختیان لە یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد کردەوە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، دیداریان لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان جێگەی دڵخۆشی بووە، پێکەوە گفتوگۆیان لەبارەی گۆڕانکارییەکانی سووریا کردووە.
بە گوێرەی بڵاوکراوەکەی مەزڵوم عەبدی، لەگەڵ مەسعود بارزانی جەختیان لە یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد لە سووریا کردووەتەوە و هەردووکیان وتویانە، "لە گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق دەبێت پارێزگاریی لە مافەکانی گەلی کورد بکرێت، یەکڕیزیی کوردی و سەقامگیریی هەرێمی بە گشتی ئەرکی هەموومانە."
لای خۆشییەوە دوێنێ، بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی رایگەیاند"لەم دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا."
بارەگای بارزانی وتیشی"هەر لەم دیدارەدا جەخت لەوەکرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە رێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و رێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و رێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە."