ئەندام پەرلەمانێکی عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە کە هەمواری یاسای خانەنشینیی یەکگرتولە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانە و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و تەمەنی خانەنشینی لە ٦٠ ساڵەوە دەکاتەوە بە ٦٣ ساڵ.
دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" هەمواری یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە ٩ـی ساڵی ٢٠١٤ کە ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانە، لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانە و تەمەنی خانەنشینی لە ٦٠ ساڵەوە دەکاتەوە بە ٦٣ ساڵ.
ئاشکراشی کرد، ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەران بەخێرایی دەنگ بە پرۆژەی هەموارەکە بدات، ئەوانەی تەمەنیان ٦٠ تاوەکو ٦٢ ساڵە و فەرمانبەرن لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خانەنشین ناکرێن تاوەکو تەمەنیان دەگاتە ٦٣ ساڵ، بەڵام ئەگەر هەموارەکە دوابکەوێت و ئەوانە بەکۆمەڵ خانەنشین بکرێن، دواتر هەمواری یاساکە هیچ سوودێکی بۆیان نابێت.
دارا سێکانیانی جەختدەکاتەوە، هەمواری یاساکە بەمەبەستی سوودبینینی دامەزراوەکانی دەوڵەتە لە توانای ئەو فەرمانبەرانەی ئەزموونیان لە پیشەکانیاندا هەیە و دواجار هەموارەکەش لە سوودی فەرمانبەرانی کەرتی گشتییە.
رۆژی ١٥ـی ئەم مانگە، بە فەرمانێکی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، ئەو فەرمانبەرانەی تەمەنیان دەبێتە ٦٠ ساڵ، راستەوخۆ خانەنشین بکرێن.