کۆبوونەوەی رۆژی پێنج شەممەی نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بە فشاری ئەمەریکییەکان بووە، لە کۆبوونەوەکەشدا هیچ پۆستێک لە نێوان یەکێتی و پارتی دابەشنەکراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە ماوەی مانگێک زیاترە ئەمەریکییەکان لە رێگای قونسڵ و باڵوێزخانەو ئەو بەرپرسانەی وەزارەتی دەرەوە کە سەردانی هەرێمیان کردووە فشارێکی زۆر دەکەن کە هەرچی زووترە کابینەی نوێ پێکبهێنرێت، کۆبوونەوەی رۆژی ١٦ ی کانوونی دووەمی نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانیش لەو چوارچێوەیەدایە.
بەپێی ئەو زانیاریانە لە کۆبوونەوەی دوێندا هیچ پۆستێک لەو کۆبوونەوەیەدا دابەشنەکراوە، بەڵام پارتی جۆرە نەرمییەکی پێشانداوە، دابەشکردنی پۆستەکان لە رووی تەکنیکیەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دوو لیژنەیەی کە هەردوو حزب دروستیان کردووەو چەند کۆبوونەوەیەکیان لە هەفتەکانی پێشوودا کردووەو بۆ ئامادەکردنی دابەشکردنی پۆستەکان تا دوا درافت بخەنە بەردەم هەردوو سەرۆک و مەکەتەبی سیاسی هەردوولا تا بڕیاری لەسەر بدەن.
یەکێتی تێگەیشتووە کە پارتی لەبەر هاوسەنگی نێو بنەماڵەی بارزانی هیچ لە پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت نادەن بە یەکێتی، هەر بۆیە ئێستا یەکێتی دەیەوێت پرسی هاوبەشی راستەقینە بکات بە بنەما بۆ بەشداریکردن لە حکومەتدا، یەکێتی وا هەستدەکات لە کابینەی مەسرور بارزانیدا بەرپرسەکانی هیچ دەسەڵاتێکی ئابوری و ئیداریان نەبووەو لەسەر ئاستی سیاسیش لەگەڵ بەغداو هێزە هەرێمایەتییەکان پارتی بە تاکڕەوانە مامەڵەی بە سیاسەتی درەوە کردووە، یەکێتی هەستی بەو جیاوازییە کردووە کە لەسەردەمی کابینەکانی نێچیرڤان بارزانیدا تا ئەندازەیەک هاوبەشی حوکم بووە، بەڵام لەسەردەمی مەسرور بارزاندا بەرپرسەکانی یەکێتی لە حکومەتدا فەرامۆش و بێ دەسەڵاتکراون.
هەر ئەمڕۆ هەینی ١٧ ی کانوونی دووەم، وتەبێژەکەی یەکێتی، سەعدی پیرە لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕەتی کردۆتەوە کە کۆبوونەوەکە بۆ تەعریفکردنی پۆست بێت و جەختیکردۆتەوە کە ئەو کارە لەلایەن لیژنەیەکەوە ئامادە دەکرێت و دەڵێت " تیمی دانوستانی هەردولا لەسەر پۆستەکان گفتووگۆ دەکەن و یەکلایدەکەنەوە."
سەعدی پیرە دەشڵێت،" دیار نییە کۆبوونەوەی داهاتوو لە نێوان هەردوولا کەی دەبێت، بەڵام کۆبوونەوە لەم نزیکانە دەبێت، چاوەڕێین لیژنە فەنیەکە کارەکانی خۆیان تەواو بکەن و بیبەن بۆ کۆبوونەوەی هاوبەش هیوادارین ئەنجامی باشی هەبێت."