وەزارەتی کارەبا: دۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە

وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، دۆخی کارەبا ئاسایی بووەوە ە ئاستی بەرهەمهێنان گەیشتەوە ٣٧٥٠ مێگاوات.

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کاتژمێر (٨ی) بەیانییەوە پەستانی غاز بۆ ویستگەکانی غازی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی بووەوە. کۆمپانیای دانەغاز چاکسازییەکانی لە کێڵگەی کۆڕمۆڕ تەواو کرد.

ئەوەشی خستەڕوو کە " ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی بووەوە و ئێستا ٣٧٥٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دێت".

دوێنێ شەو وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هاوبەشانی کارەبا ئاگادار دەكەینەوە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی كێڵگەی كۆرمۆر بۆ بەرهەمهێنانی غاز، بۆ ماوەی ١٠ كاتژمێر پەستانی غاز كەمبووەتەوە و بەهۆیەوە ٧٥٠ مێگاوات كارەبا كەمبووەتەوە.

وەزارەتی کارەبا ڕاشیگەیاندبوو، تیمەكانی كۆنترۆڵی كارەبا بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بڕی ٢٥٠ مێگاوات كارەبایان لە هەردوو وێستگەی دوکان و دەربەندیخان زیاد كردووە.



AM:11:12:18/01/2025