میترۆ: ساڵی رابردوو لە هەرێم ١٨٢ پێشێلکاری بەرامبەر بە ١٧٦ رۆژنامەنووس و دامەزراوە کراوە

بە پێی راپۆرتی سەنتەری میتۆ پار ١٨٢ پێشێلکاری بەرامبەر ١٧٦ رۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و مانگی ١٢ـی ساڵی رابردوو زۆرترین پێشێلکاری تۆمارکراون کە ٤٠ پێشێلکاری بوون و ٩٠٪ی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە پیاوان بووە.
 
سەنتەری میترۆ راپۆرتی ساڵی ٢٠٢٤ی رەوشی ئازادیی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان لەژێر ناوی "یاسا بۆ ئەرشیڤ نییە؛ یاساکانمان گۆڕین، بەڵام جێبەجێکردنیان سەنگی مەحەکە" بڵاوکردەوە و بەگوێرەی راپۆرتەکە، پار ١٨٢ پێشێلکاری بەرامبەر ١٧٦ رۆژنامەنووس  و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. بەپێی راپۆرتەکە، پێشێلکارییەکان ٢٢٪ کەمبوونەتەوە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ کە ئەو ساڵە ٢٣١ پێشێلکاری لەلایەن ئەو سەنتەرەوە تۆمارکرابوون. 
 
بەپێی راپۆرتەکەی سەنتەری میترۆ پار سێ رۆژنامەنووس بە درۆن لە هەرێمی کوردستان کوژراون، ٢٧ هێرش و لێدان و هەڕەشە بەرامبەر رۆژنامەنووسان تۆمارکراوە؛ مانگی ١٢ـی ساڵی رابردوو زۆرترین پێشێلکاری تۆمارکراون کە ٤٠ پێشێلکاری بوون. 
 
هەر بەپێی راپۆرتەکە، ١٠٣ رێگری لە رۆژنامەنووسان تۆمارکراوە، ٢٤ دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگە، ٦ هێرشی ئەلیکترۆنی، ١٧ دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی رۆژنامەنووسان و ٢ شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەنووسان تۆمارکراون. ١٠٪ـی ئەو رۆژنامەنووسانەی پێشێلکارییان بەرامبەر تۆمارکراوە، مێ بوون و ٩٠٪ـی دیکە نێر بوون. 

لەمبارەوە رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ  لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"راستە پێشێلکارییەکان کەمبوونەتەوە، بەڵام ئەو کەمبوونەوەیە مانای ئەوە نییە ژینگەی کاری رۆژنامەنووسی کراوەتر و باشتر بووە لە هەرێمی کوردستان". 
 
لەبارەی راپۆرتەکەی سەنتەری میترۆوە، رەحمان غەریب وتی: "ئەم راپۆرتە تەنیا ژمارە نییە، بەڵکو باسکردنی دۆخی رۆژنامەنووسی و پێشێلکارییەکانیانە، قسەکردنە لەسەر جیاکاری، رەچاونەکردنی فرەیی و دۆخی رۆژنامەنووسانی ژن. چیرۆکی ئەو رۆژنامەنووسانەیە کە هەوڵی تیرۆرکردنیان دراوە". 
 
رەحمان غەریب رەخنە دەگرێت لە پێنەدانی زانیاری و جیاکاری بەرامبەر رۆژنامەنوواان لە پێدانی زانیارییدا و پێیوایە لەو رووەوە هەرێمی کوردستان لە پاشەکشەیەکی گەورەدایە، بۆیەش راپۆرتی ئەم ساڵیان ناوناوە "یاسا بۆ ئەرشیڤ نییە"، و دەڵێت"کۆمەڵێک یاسا بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان دەرکراون، بەڵام یان بە کەمی جێبەجێ دەکرێن یان هەر لە ئەرشیڤن". 
 



PM:12:06:18/01/2025