بە وتەی پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بڕیارە سبەینێ پەرلەمان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا دەنگ لەسەر هەمواری یاسای بودجە بدات، بەمەش هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێدەکاتەوە.
سروە محەمەد، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی ڕاگەیاند: بڕیارە سبەینێ یەکشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات و تیایدا دەنگ بە هەمواری مادەی 12ی یاسای بودجە بدرێت، ئەمەش رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە و ناردنی بەشەبودجەی هەرێم ئاسانتر بکات.
لە بارەی موچەی مانگی ١٢ەوە، ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی باسی لەوەکرد: لیژنەی دەرخستنی ڕاستییەکان بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە کردووە و بڕیارە لە نزیکترین کاتدا لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆببنەوە بۆ ئەوەی ڕاستییەکان لە بارەی مووچەی مانگی ١٢ ئاشکرا ببن کە ئایا بەغداد ناردوویەتی یان نا.
ئەوەشی خستەڕوو: لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایانگەیاند کە بەغداد تەنیا ١١ مووچەی لە ساڵی ٢٠٢٤دا ناردووە، بۆیە ئەو لیژنەیە ئەو پرسە یەکلایی دەکاتەوە.
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی لە لێدوانەکەیدا بۆ "تۆڕی میدیایی خەڵک” ئەوەشی خستەڕوو: موچە لە هەموو عێراقدا گرەنتی کراوە و بەپێی یاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، بۆیە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش لە چوارچێوەی موچەی هەموو فەرمانبەرانی عێراقدا.