د.شۆڕش حەسەن: دەستوری تورکیا دەستورێکە بۆ پاکتاوی نەژادی


لە کاتێکدا گفتوگۆکانی ئاشتی لە تورکیا لە نێوان دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە و نوێنەرانی کورد سەرلەنوێ دەستی پێکردۆتەوە، د. شۆڕش حەسەن، پرۆفیسۆر و پسپۆری بواری یاسای دەستوری دەڵێت" دەستوری تورکیا دەستورێکە بۆ پاکتاوکردنی نەژادی".

لە وتارێکدا بەناو نیشانی " دەستوری توركیا، دەستورێك بۆ پاكتاوی نەژادی !"کە بۆ ماڵپەڕی " سپی " ناردووە، د. شۆڕش حەسەن، پرۆفیسۆر و پسپۆری بواری یاسای دەستوری دەڵێت " دیباجەی دەستوری توركیای ساڵی 1982ی هەمواركراو 22 دێرە، بەڵام زیاتر لە (13) جار جەخت لەسەر نەتەوەی تورك ونیشتمانی تورك وئەتاتورك دەكاو بەشێوازی جیاواز دوبارەی دەكاتەوە، وەك(نیشتمانی تورك، نەتەوەی تورك، ئەتاتورك وپرنسیپەكانی، بەرژەوەندی نیشتمانی تورك، هەبوونی تورك، میژوو و رەوشتی تورك، هاووڵاتی تورك، هاوڵاتیە توركەكان، كور وكچانی تورك، وە یەكپارچەیی نیشتمانی تورك ودابەش نەبوونی)، ئەمە لەكاتێكدا دەستوری زۆربەی دەوڵەتانی دنیا ناوی نەتەوە ناهێنن و تەنیا ناوی گەلی وڵاتەكە بەكار دێنن، وەك دەستوری (ئەمریكی، فەرەنسی، ئەڵمانی، هیندی، یابانی، رووسی، میسری، ئوردنی، عێراقی..هتد).

ئەو پرۆفیسۆرە کە مامۆستایە لە زانکۆی سلێمانی لە بەشێکی دی وتارەکەیدا دەڵێت " هەرمافێكیش پەیوەنداربێ‌ بە ئازادی رادەربرین وبڵاكردنەوە وبەرنامەو پەیرەوی حیزبە سیاسیەكان و چالاكیان، بەپێی مادەی (26 و68)ی دەستور دەكرێ‌ كۆت وسنورداربكرێن لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی وسەلامەتی دەوڵەتی توركیا بەنەتەوەو خاكەوە كە قابیلی دابەش بوون نیە. لێرەدا دەبینین كە مافی ئازادی رادەربرین وبڵاوكردنەوەو دامەزراندنی حیزبی سیاسی هەموی لەپێناو پاراستنی شكۆی نەتەوەی تورك فەراهەمكراوە،  ئەگینا وەك مافی بنەرەتی هاوڵاتیان ئازاد نین لە بەكارهێنانیان".





PM:01:13:18/01/2025