وتەبێژی فەرمی قوباد تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت" هێشتا ناکۆکییە سیاسی و تەکنیکییەکان ڕێگرن لە چارەسەرکردنی قەیرانی مووچەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغداد". دەشڵێت" حزبەکەی داوای هیچ کۆبوونەوەیەکی لە لاهور شێخ جەنگی نەکردووە".
سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، ئەمڕۆ شەممە لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" پرسی مووچەی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا تەنها کێشەی سیاسی نییە، بەڵکو لایەنی تەکنیکیش دەگرێتەوە، بەمزوانە وەفدێکی هەرێم سەردانی بەغداد دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە".
ئاماژەی بەوەشکرد، گرژی نێوان هەردوولا سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە هێشتا بەردەوامە، بەڵام ئومێد دەکەن کە ئەمساڵ بە جددیتر مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکرێت، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری کۆتایی.
سەبارەت بە گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، وتەبێژەکەی قوباد تاڵەبانی دووپاتیکردەوە کە" تا ئێستا هەردوولا باسیان لە دابەشکردنی پۆستەکان نەکردووە".
هەورامی ڕوونیشیکردەوە کە" گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وەفدەکە تیشکخرایە سەر تاوتوێکردنی شێوازی بەڕێوەبردن و حوکمڕانی لە قۆناغی داهاتوودا، لەگەڵ ڕێککەوتنێک بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی هاوبەش بۆ ئەوەی بخرێتەڕوو و گفتوگۆی لەسەر بکرێت پێش ئەوەی بچینە سەر پرسی دابەشکردنی پۆستەکان".
وتەبێژی قوباد تاڵەبانی رەتیكردەوە حزبەکەی داوای کۆبوونەوەی لە لاهور شێخ جەنگی كردبێت.