پارێزی ڕۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد ڕایگەیاند، هەرچەندە دادگای پێداچونەوە بڕیاری ئازادکردنی ئەو ڕۆژنامەنوسەی دەرکردوە بەڵام ریکارەکانی ئازادکردنی تا ئێستا تەواو نەبون.
لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ دادگای پێداچونەوە بریاریدا بە ئازادکردنی رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد، بەڵام تا ئێستا ئازاد نەکراوە، نەریمان ئەحمەد، پارێزەری ئەو رۆژنامەنوسە بە کەی ئێن ئێنی راگەیاند، هۆکاری ئازادنەبونی سلێمان ئەحمەد بۆ نەگەیشتنی بریاری دادگای پێداچونەوەیە بۆ دادگای دهۆک.
نەریمان ئەحمەد وتیشی: هیوامان وایە سلێمان ئەحمەد لەگەڵ گەیشتنی بریاری دادگای پێداچونەوە بۆ دادگای دهۆک لە هەفتەی داهاتودا نوسراوی ئازادکردنی ڕەوانەی زیندان بکریت.
ئەو پارێزەرە ڕونیکردەوە، هەفتەی ڕابردو بە ئامانجی زو ئازادکردنی ئەو رۆژنامەنوسە بڕیارەکەی دادگایان گەیاندوەتە دادگای دهۆک هەر بۆیە چاوەڕوانن هەفتەی داهاتو نوسراوەکە بگاتە زیندان.
سلێمان ئەحمەد لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دوای گەڕانەوەی لە پرسەی باوکی لە رۆژئاوای کوردستانەوە لە دەروازەی فیشخابوور دەستگیرکرا و لە ڕۆژی ٢٩ی تەمووزی ٢٠٢٤ دوای ٢٧٩ ڕۆژ لە مانەوەی لە زیندان لەلایەن دادگای دهۆک بە تۆمەتی ئەندامییەتی لە پارتی کریکارانی کوردستان سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.