کەشناسێک زانیاری لە بارەی ھاتنی شەپۆلێکی سەرما و با و بەفر بارین دەدات و دەڵێت" پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە و بارستە ھەوایەکی سارد و شەپۆلێکی لاواز بۆ مامناوەندی بەفر بارین روو لە هەرێم دەکات".
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند" لەکاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەمە ١٩ی کانونی دووەم بارستە ھەوایەکی سارد و شەپۆلێکی لاواز بۆ مامناوەندی بەفر بارین لە رۆژھەڵاتی دەریای رەشەوە بۆ سەر ناوچە شاخاویە سنوریەکانی ھەرێمی کوردستان درێژ ئەبێتەوە سەرەتاش ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر دەگرێتەوە و پاشان سبەی دووشەمە ٢٠ی مانگ بە گوێرەی کات ناوچەکانی ئیدارەی راپەرین و پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە ئەگرێتەوە ھەروەھا پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ سبەی ٥ تا ٦ پلە نزمەبێتەوە و بای رۆژھەڵات و باشوری رۆژھەڵات مامناوەند چالاک ئەبێت بەخێرای ١٥ -٣٥ کم لە کاتژمێرێکدا ".
راشیگەیاند" بەفر بارینەکە بەشێوەی کرێوە سەرجەم ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و بەشێکی ناوچە شاخاویەکانی رۆژھەڵاتی پارێزگای دھۆک ئەگرێتەوە و لەبەرزی ٨٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا و لەنێوان ١ تا ٦ سم ئەگەری بارینی بەفر ئەبێت بەتایبەت لە ناوچە سنوریەکانی حاجی ئۆمەران و سنوری دەڤەری پشدەر و پێنجوێن رێژەکەی زیاتر ئەبێت ، لەسەنتەری شاری سلێمانیش ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم ئەبێت لە گەرەکە بەرزەکانی باکور و رۆژھەڵات ئەگەری سپیپۆشبوونی ھەیە و رێژەکەی لەنێوان ٠.٥ بۆ ٢ سم" .
ئەو کەشناسە باسی لەوەشکردووە" کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکانمان سبەی ئێوارە کۆتای پێدێت و سەبارەت بە ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک و سەنتەری پارێزگای ھەولێر و دھۆک لەماوەی ئەم شەپۆلەدا ئاسمان ھەوری تەواو ئەبێت و کەش ساردەبێت بەڵام ئەگەری بارانبارین لاوازەبێت و پێشبینی ناکرێت باران و بەفر لەو ناوچانەدا ببارێ" .
ئاماژە بەوەشدەکات گرنگ دوابەدوای شەپۆلی باران و بەفرەکە بەھۆی زیادبوونی کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆی سیبیری شەوی دووشەم لەسەر سێشەمە بای باکوری رۆژھەڵات کە وشکە سەرمایەکی زۆرەبێت لەناوچەکانی سلێمانی و راپەرین و ناوچە شاخاویەکانی رۆژھەڵاتی ھەرێم بەگشتی چالاک ئەبێت بەخێرای ١٥ -٤٥ کم لە کاتژمێرێکدا و بەھۆیەوە پلەی گەرمی بەرێژەیەکی بەرچاو لەناوچە شاخاویەکان نزمدەبێتەوە بۆ ژێر سفر و بەستن و شەختە ڕووئەدات کاریگەری ئەو وشکە سەرما و بایە تا کۆتایی ھەفتە بەردەوامی ئەبێت.