هەسەدە کوژرانی ژمارەیەک چەکداری تورکیای ڕاگەیاند

شەڕ لە باشووری منبج بەردەوامە و هەسەدە کوژرانی ژمارەیەک چەکدار و بە ئامانجگرتنی چەند ئۆتۆمبێلێکی میلیشیاکانی سەر بە تورکیایان ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە) ڕایگەیاند" دوژمنکارییەکی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە و هەر ڕۆژێک لە ڕێی بۆردمانکردنی گوند و ناوچەکانی نیشتەجێبوونەوە تاوانی نوێی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات''.

ئەوەشی خستەڕوو کە تورکیا لە بەرەبەیانی شەممەوە تا نیوەڕۆ گردی ئیمام قەریەی لە دەوروبەری بەنداوی تشرین تۆپباران کردووە و دواتر میلیشیاکان هێرشیان کردووە، بەڵام شەڕڤانان بەرپەرچیان دانەوە و ژمارەیەک چەکداریان کوژران و بریندار بوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە " دواتر میلیشیاکان پەلاماری خاڵێكی دیکەیان داوە و ئەو پەلامارەشیان تێکشکێندرا و سێ چەکدار کوژران، شەڕەکەش تا ئێوارە بەردەوام بوو".

هەسەدە ڕاشیگەیاند" کاتێک میلیشیاکان هەوڵی بردنەوەی تەرمی چەکدارەکانیان داوە، شەڕڤانان لە ڕێی درۆنەوە هێرشیان کردووەتە چەکدارەکان و ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی سەرباز و پیکابێکیان کرایە ئامانج و ژمارەیەکی دیکەشیان کوژران و برینداربوون".

ڕوونیشیکردەوە کە لە دەوروبەری گردی سیریتل تانکێک و ئۆتۆمبێلێکی دیکەی میلیشیاکان کرانە ئامانج.



PM:12:15:19/01/2025