شاندێکی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە سەردانی بەغداد دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی باڵای هەرێم سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق دەکات و لەگەڵ بەرپرسان پرسی مووچەی فەرمانبەران تاوتوێ دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، شاندەکەی هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی ئاوات شێخ جەناب لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی بەشداری کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتی کرد، بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و بەرپرسانی دیکە، دواتر هاوپەیمانییەکە لە بەیاننامەیەکدا دووپاتیکردەوە کە" هیچ هەڵوێستێکی سیاسی لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نییە، جگە لە پرسە تەکنیکیەکان کە بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، دەتوانرێت چارەسەر بکرێت". 

پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تائێستاش چارەسەر نەکراوە و نیگەرانی لای هاوڵاتییان دروستکردووە، بەو پێیەی هێشتا مووچەخۆران مووچەی کۆتایی (١٢)ی ساڵی ڕابردوویان وەرنەگرتووە و چارەنووسی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵیش نادیارە. 



PM:01:35:19/01/2025