لە رووداوێکی هاتوچۆدا باوک و کوڕێک سووتان و گیانیان لەدەستدا

 
ئەمڕۆ یەکشەممە لە نزیک گوندی وەلی ھەیەر باوک و کوڕێک لە ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆدا سووتان و گیانیان لەدەستدا. 

سامان عەلی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی ئیدارەی گەرمیان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە" رووداوەکە لە نێوان ڕێگەی (کەلار و کفری) نزیک گوندی وەلی هەیەر، لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری مارسیدس و هیوندای سۆناتا ڕوویداوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی ڕووداوەکە دوو سەرنشینی مارسیدسەکە کە باوک و کوڕن سووتان و دواتر گیانیان لەدەستداوە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی دیکەش کە هاوڵاتییەکی عەرەبە بە سووکی بریندار بووە. 

سامان عەلی ئەوەشی خستەڕوو، باوک و کوڕەکە خەڵکی ناحیەی سەرقەڵان بوون، لە ئێستادا تەرمەکانیان لە پزیشکی دادی کەلارە. 

لەلایەن تیمەکانی ھاتوچۆوە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە. 



PM:02:30:19/01/2025