لیژنەی دارایی دەنگی بە هەموارکردنەوەی بڕگەی ١٢ی یاسای بوودجە دا

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ لیژنەی دارایی دەنگیدا لەسەر پێشنیازی هەموارکردنەوەی بڕگەی ١٢ی یاسای بودجە". 

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەننجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کەمێک پێش ئێستا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی دەنگماندا بە پرۆژە یاسای هەمواری یاسای بودجە (مادەی ١٢/ دووەم/ ج) تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و چاوەڕواندەکرێت لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەنگی لەسەر بدرێت و بەوەش دەستبکرێتەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم". 

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی هەموارەکە بڕی ١٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت وەک سلفە دەدرێتە هەرێم بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە تا ئەو کاتەی کۆمپانیایەکی پسپۆر کە لە ماوەی ٦٠ رۆژ دەستنیشاندەکرێت بە رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد خەملاندنێکی دادپەروەرانە دەکرێت بۆ تێچووی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم. 

نەرمین مەعروف ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی یاسای بودجەی فیدڕاڵی هەرێم دەبێت رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە بکات یان لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاریبێنێت.



PM:04:11:19/01/2025