دوای ئەوەی فۆڕمی ١٥٠ هەزار فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی زەوی ڕەوانەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كرا، فۆڕمی زیاتر لە ٣٥ هەزاری تریش ڕەوانە دەكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩ی کانوونی دوەم سەربەست مەولوود، سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و رێكخستنی فۆڕمی دابەشكردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاند"فۆڕمی ١٥٠ هەزار فەرمانبەر بە نووسراوی فەرمی ڕەوانەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بە مەبەستی پەسەندكردنیان، ئەمڕۆ یان سبەی فۆڕمی زیاتر لە ٣٥ هەزار فەرمانبەری دیكەش ڕەوانە دەكرێت".
وتیشی" ناوی زۆربەی وەزارەتەكان لەخۆ دەگرێت، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی شارەوانییەكان دەتوانن دەست بە دابەشكردنی زەوییەكان بكەن".
لە مانگی ٧ و ٨ی ساڵی ڕابردوودا پڕۆسەی دابەشكردنی فۆڕم بەسەر فەرمانگەكاندا دەستی پێكرد و دوای پڕكردنەوەی لەلایەن فەرمانبەران و پەسەندكردنی لەلایەن بەشەكانی یاساوە ڕەوانەی وەزارەتی شارەوانی كرا بۆ وردبینی و لە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردووشدا و لەكاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەشێكی فەرمانبەران، كە زۆربەی سەر بە شارەوانییەكان بوون زەوییان پێدرا.