شەش حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای مانگرتنی گشتی دەکەن

شەش حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی بڕیاریاندا ڕۆژی چوارشەممە مانگرتنی گشتیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەببەن.

هەریەکە لە حیزبی دیموکرات و پژاک و پارتی ئازادی و هەرسێ کۆمەڵەکە لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا دژی لە سێدارەدانی گەنجانی کورد، دوای دەکەن ڕۆژی 22 کانونی دوەم مانگرتنی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە بچێت. 

ئەو شەش حیزبە دەڵێن، حکومەتی ئێران، لەبری وەڵامدانەوە بە ویست و داخوازییەکانی جەماوەر، حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەیان تێکۆشەری سیاسیی لە کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەرکردەوە و بە تایبەت بەهۆی مەترسیی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، پێوستە هەنگاوی خێرا و بەپەلە هەڵبگیردرێت.

دەشڵێن، پێویسته ئیرادەی جەماوەری لە بزووتنه‌وه‌یه‌کی شایستەدا خۆی نیشان بداتەوە بۆ ئەوەی پێش بە تراژیدیایەکی دیکە بگرێت و گیانی کۆمەڵیک مرۆڤ کە هیچ کردارێکیان جگە لە خۆشەویستی خەڵک و خەبات لە پێناو ئازادیی و یەکسانیدا نەبووە، لە پەتی سێدارە ڕزگار بکات. 






AM:09:52:20/01/2025