هەسەدە: ڕۆژانە بە دەیان چەکداری هاوپەیمانی تورکیا دەکوژرێن یان بریندار دەبن

هەسەدە ڕایگەیاند، دوای زیاتر لە مانگێک هێرش و بۆردومانەکانی تورکیا و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان تا ئێستا نەیتوانیوە هیچ پێشکەوتنێک بەدەست بێنت، ناسنامەی هەشت شەهیدیشی ڕاگەیاند. 

هێزەکانی سوریای دیموکرات ناسراو بە هەسەدە دڕایگەیاند، دوای مانگێک زیاتر لە هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەنداوی تشرین، هیچ پێشکەوتنێکیان لەسەر زەوی بەدەست نەهێناوە و ڕۆژانە بە دەیان چەکداری ئەو گروپانە دەکوژرێن و بریندار دەبن. 

لە ڕاگەیاندراوەکەی هەسەدە هاتوە، سەرەڕای درەندیی هێرشەکانی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا، بەڵام شەرڤانان سەرسوڕهێنەرترین چیرۆکی مێژو دەنوسنەوە و گیانفیدایی دەکەن و وڵامی هێرشەکان دەدەنەوە. 

هەسەدە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشانە هەشت شەرڤانیان لە کات و شوێنی جیاوازادا شەهید بون و تا تێکشکاندنی هێرشەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە لە بەرخۆدان بەردەوام دەبن. 




AM:10:12:20/01/2025