ئیسرائیل ٩٠ زیندانی ژن و مێردمنداڵی فەڵەستینی ئازاد کرد

ئیسرائیل ٩٠ زیندانی ئازاد کرد و لیستی ناوی ٧٣٥ زیندانی فەڵەستینی بڵاوکردەوە کە لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا ئازاد دەکرێن.

شەوی ڕابردو دوای ئازادکردنی سی بارمەتەی ئیسرائیلی لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە، ئیسرائیل ٩٠ زیندانی فەڵەستینی ئازاد کرد و وەزارەتی دادی ئیسرائیلیش لیستی ناوی ٧٣٥ کەسی بڵاو کردەوە کە ئازاد دەکرێن کە ٢٩٦ کەسیان ئەندامی حەماس بون یاخود پەیوەندییان بەو بزوتنەوەیەوە هەبوە.

ئەو ٩٠ زیندانییە فەڵیستینیانەی ئازادکران لە زیندانی ئۆفەر لە شارۆچکەی بەیتونای نزیک لە کەناری خۆرئاواوە ڕادەستی کەسوکاریان کرانەوە، لە کاتی ئازادکردنی ئەو زیندانیانەدا چەند جاریک پێکدادان لەنێوان کەسوکاری زیندانیان و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل ڕوویدا. 

لەوبارەیەوە، رۆنن بار، بەرپرسی ئاژانسی ئاسایشی ئیسرائیل ڕایگەیاندوە، ئازادکردنی ئەو زیندانییانە مەترسیدارە، چونکە لە ٨٢٪ ـی ئەوانەی لە ڕابردو بە ڕێکەوتن ئازاد کراون چونەتەوە ناو هێزەکانی دژ بە ئیسرائیلەوە.

بە گوێرەی ڕیککەوتنی ئاگربەستەکە، ئیسرائیل ٧٣٥ زیندانی فەڵەستینی کە بە تۆمەتی جیاواز دەستگیر کرابون ئازاد دەکات، لەگەڵ ئازادکردنی هەزار و ١٣٧ هاوڵاتیی مەدەنی دیکەی فەڵەستینی کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕ لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە دەستگیرکرابون. 



AM:11:49:20/01/2025