ئه‌مریكا: پێشوازی دەکەین لە کۆبونەوەی نێوان مەسعود بارزانی و جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند، پێشوازی لە کۆبونەوەی نێوان مەسعود بارزانی و جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی دەکەن، دەشڵێن" كۆبونه‌وه‌كه‌ ڕۆڵێکی گرنگ ده‌گێڕێت لە پتەوکردنی گواستنەوەی سیاسی گشتگیر لە سوریا."

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی کانونی دوەم وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ په‌یامێكدا له‌ پێگه‌ی فه‌رمی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی "X" نوسیویه‌تی، "ئه‌مریكا پێشوازی لە کۆبونەوەی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) ده‌كات، ده‌شڵێت، دیالۆگی نێو کورد دەتوانێت ڕۆڵێکی گرینگ بگێڕێت لە پتەوکردنی گواستنەوەی سیاسی گشتگیر لە سوریا".

ئەوەش لە کاتێکدایە ١٦ی ئه‌م مانگه‌، مه‌سعود بارزانی و مه‌زڵوم كۆبانێ له‌ هه‌ولێر كۆبونه‌وه‌ و دوو لایەن گفتگۆکانیان ئەرێنی و لە قازانجی بەرژەوەندی کورد لە ناوچەکەدا وەسف کرد.




PM:12:58:20/01/2025