شەش لایەنی سیاسی کوردستانی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە بانگەوازێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوایان لە هاوڵاتییان کرد ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە مانگرتنی گشتی ڕابگەیەنن، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سزای لە سێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی.
ئەم لایەنانە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردەوە" مانگرتنی گشتی چارەسەری مەدەنییە بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان و ڕزگارکردنی گیانی دەستگیرکراوانی سیاسی".
لە بانگەوازی هاوبەشی لایەنەکانی کوردستانی ئێراندا هاتووە" ئێمە، لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، داوا لە هەموو خەڵکی تێکۆشەری کوردستان دەکەین، کە ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە لە سەرانسەری کوردستان مانگرتنی گشتی ڕابگەیەنن، بۆ ئەوەی سزای لە سێدارەدان بۆ منداڵەکانمان هەموو کەسانی دیکە ڕابگیرێت، دەبێت بازاڕ و قوتابخانەکان دابخرێن، ئەمەش هێزی یەکگرتووی خەڵک بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی سیاسی و مرۆیی نیشان دەدات".
ئەم حیزبانە بە ئاماژەدان بە کێشە ئابوورییەکان و نەبوونی ئازادییە سیاسییەکان لە ئێران جەختیان لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە جیاتی وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی خەڵک، حوکمی سێدارە لە دژی چالاکانی سیاسی دەردەکات، ئەوان مانگرتنی گشتییان بە" چارەسەرێکی مەدەنی و ئاشتیانە بۆ نیشاندانی یەکڕیزی گەل و ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان" دەزانن.
هەر لە بانگەوازەکەدا جەخت لەوە دەکەنەوە کە" ئەم ڕێکارە خۆپارێزییە دەرفەتێکە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک و ڕێگریکردن لە خەم و پەژارەی زیاتر بۆ خێزانەکان".
هاوکات ئەو شەش لایەنە سیاسییەی کوردستانی ئێران هەر لە بەیاننامەکەدا بە ئاماژەدان بە هەڵمەتی (نا بۆ سێشەممە لە سێدارەدان)، هاتووە" ئەم بزووتنەوەیە دەنگی ئەو زیندانییە سیاسییە تێکۆشەرانەیە کە هەموو سێشەممەیەک ئازایانە زیاتر لە ٣٠ زیندانی ئێران، مانگرتن ڕادەگەیەنن، بەرزدەکەنەوە دەنگەکانیان داوای کۆتاییهێنان بە سزای لە سێدارەدان بکەن".
هەڵمەتی (نا بۆ سێشەممە لە سێدارەدان) بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی هاوئاهەنگە لەلایەن زیندانیانی سیاسی لە ئێرانە کە ماوەی چەند ساڵێکە دەستیپێکردووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، لەم هەڵمەتەدا ژمارەیەک زیندانی هەموو ڕۆژانی سێشەممەیەک مان لە خواردن دەگرن و داواکاری سەرەکی مانگرتووان هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی لە سێدارەدان و ئەشکەنجەدانە لە ئێرانە.
واژووکارانی ئەم بانگەوازە بریتین لە پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، پارتی ئازادی کوردستان (پاک)، پارتی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ڕێکخستنی کوردستانی حیزبی شیوعی.
لەلایەکی دیکەوە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران و کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، بەیاننامەیەکی جیاجیایان بڵاوکردەوە و داوایان لە خەڵک کرد ڕۆژی چوارشەممە مانبگرن.
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم بانگەوازە، ناڕەزایەتی فراوان لە دژی پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لە سێدارەدان بۆ بەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران سەریهەڵداوە، هەروەها زیاتر لە سێ هەزار و ٤٠٠ هونەرمەند، نووسەر، چالاکی سیاسی و مەدەنی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان واژوو کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لە سێدارەدانی عەزیزی مورادییان کرد.
پێشتریش ژمارەیەک لە زانا و مامۆستای کوردی سوننە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و سزای لە سێدارەدانیان بەسەر بەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی و زیندانیانی سیاسی دیکەدا شەرمەزار کرد و داوایان کرد جێبەجێکردنی ئەو حوکمانە ڕابگیرێت، هەروەها یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد لە بەیاننامەی جیادا پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لە سێدارەدانیان لە دژی عەزیزی و مورادی و زیندانیانی سیاسی دیکە ئیدانە کرد.