ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ئازاد کرا

ڕۆژنامەنووس  سلێمان ئەحمەد دوای زیاتر لە ٤٥٤ ڕۆژ لە دەستگیرکردنی ئەمڕۆ دووشەممە ئازاد کرا. 

بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سلێمان ئەحمەد ئازادکرا و گەڕایەوە ڕۆژئاوای کوردستان". 

ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنوس دوای گەڕانەوەی لە پرسەی باوکی لە رۆژئاوای کوردستانەوە لە دەروازەی فیشخابوور دەستگیرکرا. 

هەروەها ٢٩ی تەموزی ساڵی ڕابردوو، دادگای دهۆک سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند، پاشان پارێزەرانی دۆسییەکەیان ڕادەستی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان کرد.

ڕۆژی ٦ی ئەم مانگەش نەریمان ئەحمەد، یەکێک لە پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد ڕایگەیاند، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکانی سەر سلێمان ئەحمەدی ڕەتکردەوە و بڕیاری ئازادکردنی داوە.



PM:07:27:20/01/2025