زێباری: پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە کاتە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایدەگەیەنێت" لە نێوان پارتی و زۆربەی لایەنەکانی دیکە، بەرەوپێشچوونی باش بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت هەیە". 
 
هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکدا بە (ڕووداوی) ڕاگەیاند" لە رووی سیاسی و تەکنیکی، لە نێوان پارتی و یەکێتی و زۆربەی لایەنەکانی دیکە بەرەوپێشچوونی زۆرباش هەیە". 
 
هۆشیار زێباری کە هاوکات سەرۆکی شاندی دانوستانکاری پارتییە بۆ پێکهێنانی حکومەت، دەڵێت" پرۆسەکە پێویستی بە کاتە، بۆ لێکتێگەیشتن و هاوئاهەنگی تەواو لە نێوان هەموو لایەنەکان، تاوەکو ئێستا هەموو شتێک زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت". 
  
زێباری دەشڵێت" سێ جار کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکی لە نێوان پارتی و یەكێتی، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کراوە". 
 
لەبارەی کۆبوونەوەی داهاتووی شاندی پارتی و یەکێتی کە بڕیارە سبەینێ جارێکی دیکە کۆببنەوە، هۆشیار زێباری وتی" کۆبوونەوەی تەکنیکی لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبن". 
 
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو، پارتی ٣٩ کورسی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، یەکێتی بە ٢٣ کورسی پلەی دووەمی بەدەستهێنا، نەوەی نوێ بە ١٥ کورسی پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش پلەی چوارەمی بەدەستهێنا بە ٧ کورسی، ڕەوتی هەڵوێست بە ٤ کورسی و کۆمەڵی دادگەری بە ٣ کورسی پلەی شەشەمی بەدەستهێنا، و بەرەی گەل پلەی حەوتەمی بەدەستهێنا بزووتنەوەی گۆڕان ١ کورسی و هاوپەیمانی کوردستانیش یەک کۆرسی بەدەستهێنا. 



PM:07:34:20/01/2025