هەسەدە: ٤٤ چەکداری سەر بە توركیا کوژران و برینداربوون

هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژرانی ٢٩ی چەکداری سەر بە تورکیا و برینداربوونی ١٥ی چەکداری دیکە و لەناوبردنی تانک و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی لە بەنداوی تشرین و دێرحەفەر ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ دووشەممە ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، لە ماڵپەری فەرمی خۆیدا هەواڵێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" لە کاتژمێرەکانی بەیانی دوێنێ یەکشەممە سوپای تورکیا دەستیکرد بە تۆپبارانی چڕی دەوروبەری بەنداوی تشرین، هاوکات لەگەڵ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپبارانەکە تا کاتژمێرەکانی ئێوارە بەردەوام بوو". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بە زرێپۆشەوە، لە دوو میحوەرەوە، هێرشیانکردە سەر گردەکەی گوندی (خربەت زەمالە)، بەڵام شەڕڤانان بە توندی ڕووبەڕوویان بوونەوە، بەو پێیەی شەڕ و پێکدادان لەگەڵیاندا ڕوویدا، هەروەها کوژرانی هەشت چەکداری سەر بە تورکیا پشتڕاستکرایەوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، یەکەکانی شەهید هارۆنیش دوو ئۆتۆمبێلی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیایان بە تەواوی تێکشکاند، هاوکات فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا خاڵەکانی هێزەکانمانی کردە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێکی لێنەکەوتەوە". 

هەسەدە ڕاشیگەیاندووە" گروپە چەکدارەکانی تورکیا هێرشێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا، بە ژمارەیەکی زۆر، لەسەر لای ڕاست و چەپی گردی (سریاتێل)، هەروەها ڕووبەڕووی بەرخۆدانی گەورە بونەوە لەلایەن شەڕڤانانی ئێمەوە، لەوێش پێکدادانی توندوتیژ سەریهەڵدا و لە ئەنجامدا ٢١ چەکدار کورژران و برینداربوونی ١٥ کەسی دیکەی لێکەوتەوە، پێکدادانەکانی ئەو بەرەیەش تا دوای نیوەشەوی شەوی ڕابردوو بەردەوام بوو". 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە هەمان چوارچێوەدا، یەکینەکانی شەهید هارون ٢٥ ئامانجی گروپە چەکدارەکانیان لە لادێکانی بەنداوی تشرین کردە ئامانج لەوانە لە ناوبردنی سێ تانک، لە ناوبردنی سێ زرێپۆشی سەربازی، بە ئامانجکردنی چوار گردبوونەوە و خاڵی گروپە چەکدارەکان، تەقاندنەوەی کۆگایەکی تەقەمەنی گروپە چەکدارەکان، لەناوبردنی دوو ئۆتۆمبێلی هەڵگری چەکی دوشکە.



PM:08:00:20/01/2025